Skip to content

بەسەرکردنەوەی گڵکۆی ماملێ لە نۆزدەهەمین ساڵیادی دا.

ئەمڕۆ سێی ڕێبەندانە، ڕۆژی هەڵفڕینی ڕۆحی ماملێ و ڕۆژی تاسەی هۆگرانی ئەم هونەرمەندەیە. لەم ڕۆژە دا هەن کەسانێک کە برک و ژانێکی نیشتمانپەروەرانە دەیانگرێت تا بە چەشنێک یادی ماملێی خۆیان بکەنەوە. ئەو ماملێیەی خۆی بە مڵکی نەتەوەی خۆی دەزانی و تا مردنیش ساتێک لە خۆشی و ناخۆشییەکانیان دوور نەکەوەتەوە. بەختەوەرانە بۆ بەشێک لە هۆگرانی ماملێ دەلوێ تا لە نیزیکەوە سەردانی مەزاری ئەم هۆنەرە بکەن و بە دانانی چەپکە گوڵێکی خۆشەویستی، وەفایان بۆ ماملێ دووپات بکەنەوە. هەشن کەسانێکی دوورەدەست و دوورەوڵات کە بە گێڕانی بۆنە و مەراسیمی جۆراوجۆر یادی ماملێی خۆیان زیندوو ڕادەگرن و هەشن لە کونجی ژوورەکەیان دا تەنیا و ڕەبەن بە چۆڕە شێعرێکی تەڕ، یا بە (یادی بەخێر)ـێک، سەنفۆنی خۆشەویستی بۆ ماملێ دەهۆننەوە.

ئەمڕۆ ٣ی ڕێبەندانی ٢٠١٨/١٣٩٦ کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ، پۆلێک لە هۆگران، هاوشارییان و خزمانی ماملێ سەردانی گڵکۆی هونەرمەند “محەممەد ماملێ”ـیان کرد و یاد و بیرەوەری ئەم دەنگخۆشەیان بەرز ڕاگرت.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆڕتەی گەیوەتە دەستمان، لەم گردبوونەوەیە دا بە گێڕانەوەی بیرەوەری خۆش و هەڵوەراندنی چەند دڵۆپەفرمێسکیکی بەسۆز و چڕینی چەند هەوایەک لە قەتار  وگۆرانییەکانی ماملێ، ئەو پەیامەیان دووپات کردەوە کە یادی ماملێ لە دڵان دا هەر ماوە.

بابەتی پێوەندیدار