Get Adobe Flash player
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی
یادی بەخێر
یادی بەخێر

بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بکەن.

بازی بێریان
بازی بێریان

بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بکەن.

“سووڕی دەوران”ی
“سووڕی دەوران”ی

بۆ کڕینی ئۆجیناڵی ئاڵبۆمی "سووڕی دەوران"ی مامۆستا هێمن موکریانی، پێوەندی بەم ئیمایلەوە بکەن:
info@mamle.net
یان کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکە.

کەم کورد هەن کە گۆرانی ‘شیرین تەشێ دەڕێسێ417“یان نەبیستبێت. کەم کەس هەیە شێعرە ناسک و بەتامەکەی ‘ مەمکوژە تۆ و گەردنی خۆت، ڕوو لە زوڵفان دەرخەوە” هەستی نەورووژاندبێت. هەن ئەم دڵدارانەی شەویان سەرنەناوەتەوە بۆ” ئەو چاوانەی وا خوماری نازن”. زۆر بوون ئەم سات و کاتانەی ئەژنۆ لە باوەش، نارە ناری “گا دەگریێم گا دەسووتێم غەرقی ئاو و ئاورم” مان نەگووتبێتەوە. بەڵێ ئەمانە و دەیان سۆزی ناسکتر لە پەڕی گووڵ، شاکاری عارف و فەیلەسووف “میرزا عبدالرحیمی سابڵاغی” ناسراو بە “وەفایی”ن.
پێش ئەوەیکە ژیانە نادیار و پر لە رەمز و ڕازەکەی مامۆستا وەفایی لە لایان ئەدیب و لێکۆلەرانی بواری ئەدەبی و مێژووی بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات، بنەماڵەی هونەرمەندی ماملێ کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی ئەم شاعیرە و هونەرمەندە دەنگخۆش و ئاوازدانەرەیان سینگ بە سینگ بۆ جلکی ئێستا و دادێمان پاراستووە.
حاشای لێناکرێ گەر مامۆستا وەفایی لە درێژایی ژیانیدا کەمتەرخەم بووە بەرانبەر بە بەرهەمەکانی ، بەڵام بنەماڵەی ماملێ بەو پەڕی بەرپرسیاریەتی و وەفا بەرانبەر بەرێزیان، توانیویانە بەشێکی زۆر لەم بەرهەمانە بپارێزن و پێشکەشی بکەن بە ئارشیوی هونەر و ئەدەبیاتی کوردی.
روون و ئاشکرایە کە هونەرمەند سعید ماملێ (باوکی مامۆستا محمد ماملێ) دۆست و هەڤاڵی ئەم زاتە بەرێزە بوو و لە هاونشینییاندا توانیبویانە کەڵک لە شێعر و ئاوازەکانی مامۆستا وەفایی وەربگرێت. ڕاستە بەشێکی زۆر لە گۆرانییەکانی وەفایی هەم ئاواز و هەم گۆرانییەکە ئی مامۆستا وەفاییە بەڵام بەشێکی زۆر لەم گۆرانییانە ئاوازی هونەرمەند سعید ماملی و کووڕەکانین. جگە لە هەندێکیان، سەڵماندی ئەوەیکە کام ئاواز ئی وەفایی و کام گۆرانی ئی بنەماڵەی ماملییە روون نییە و بێ وەڵام ماونەتەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا بە هەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانی زمانی کوردی، هەوڵدرا لێکۆڵینەوەیەکی باش لەسەر ژیانی پڕ لە تاریکی و ناروونی مامۆستا وەفایی بکرێ و بەشێکی زۆر لە لایەنەکانی ژیانی ئەم فەیلەسووف گەورەیە ئاشکرا بکرێ. بەرهەمی ئەم تێکۆشانە دۆزینەوەی بەرتووکێک لە مامۆستا وەفایییە بەناوی “تحفة المریدین”ە کە دەتوانین بڵێن زۆر گرێپووچکەی ژیانی مامۆستامان بۆ روون دەکاتەوە.
شاعیر و لێکۆلەری بواری ئەدەبی، رێزدارکاک ”علی اسماعیل زادە” (ڕێبوار) لە تازەترین بەدواداچوونێکی خۆیدا لە مەڕ ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا وەفایی، توانیوێتی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و بەرهەمەمەکانی مامۆستا عبدالرحیم سابڵاغیمان بۆ روون بکاتەوە. بۆیە داوامان لێکرد تا بتوانین ئەم بابەتە سرنجڕاکێش و پڕ بایەخە بخەینە بەر چاوی ئێوە میوانانی هێژامان. پێویستە ئەمەش بڵێن کە بەشێک لەم بابەتە لە گۆڤاری “مەهاباد” ژمارە ١٥٠دا چاپ کراوە.
دەرفەتە تا وێڕای سپاسوێژی خۆمان بۆ بەرێز مامۆستا ڕێبوار، هیوای بۆ بخوازین تا تەمەندرێژ، لەشساغ و وێنەیان زۆر بێت بۆ کورد.
مەڵبەندی هونەری ماملێ

وەفایی، مەستی تۆبەی دووهەوایی

پێشەنگانی شێعری موکریان

”علی اسماعیل زادە” (ڕێبوار)

پێشەکی:

لە نێو شاعیرانی موکریان‌دا هیچ کام هێندی وەفایی420 ناوبانگیان دەرنەکردووە و بە زیندی سەری نەناسراون.هەر کەشکوڵ و دەست‌نووسێک هەڵدەینەوە بێ‌گومان یەک یا چەند پارچە‌شێعری وەفایی تێدا دەدۆزینەوە. لە نێو سەدەی ڕابردوودا چەندین جار “دیوانی وەفایی” پیت‌چنی و چاپ کراوەتەوە و جاربەجاریش شێعر و زانیاری لێ زیاد کراوە. لێکۆڵینەوە و ساغ کردنەوە، بەراوردکاری، شەرح و لێکدانەوە و… بەشێک لەو هەوڵانەن کە ئێستاش بەردەوامن و نیشان دەدەن وەفایی نەک هەر لووتکەی شێعری کلاسیکی موکریانە، بەڵکوو یەک لە لووتکەکانی شێعری کوردییە. خاوەن‌ڕایان وەفایی بە شاگردێکی باشی نالی دەزانن، بەڵام بێ‌گومان وەفایی لە ئاستی شاگردێکی باش تێپەڕیوە. لە قالبە باوەکانی شێعری سەردەم‌دا ئاڵ‌وگۆڕی پێک‌هێناوە و لە کێشی دەگمەن و نەناسراو نەپرینگاوەتەوە. لەوەش گرینگ‌تر کێشی بڕگەیی خۆماڵی زیندوو کردووەتەوە و لە هەوای شێعری لیریک و فۆلکلۆریش کەلکی وەرگرتووە. داهێنان و تاقی کردنەوە و ڕچەشکاندنی وەفایی لە کێشی شێعری‌دا بە ڕادەیەکە، شارەزایانی ئەم بوارە لە دەست‌نیشان کردنی کێشی هێندێک لە شێعرەکانی تووشی گرفت بوون یا خۆیان لێ بوواردووە.١

بەرهەمی شێعریی وەفایی زۆر و هەمەڕەنگە. وەک ئەدەب بە غەزەل ڕانەوەستاوە و وەک ئەحمەدی کۆر لە چوارچێوەی شێعری ئایینی‌دا نەگیرساوەتەوە. ئەگەرچی تا ئێستاش وەفایی زۆر بەناوبانگە، بەڵام لە ڕاستی‌دا ناوبانگی وەفایی نەبۆتە هۆی ناسرانی بە دروستی و بەتەواوی و شیاوی کەسایەتی چەند جەمسەری ئەو شاعیرە. بە پێی عادەت بیری زۆرینەی هۆگرانی شێعری وەفایی بۆ لای پارچە‌شێعری تاقانەی “شیرین تەشی دەڕێسێ” دەچێ یا چەند پارچە‌شێعری شین‌گێڕی بۆ شێخ عوبەیدیللای نەهری، بەڵام شێعری وەفایی جیهانێکی زۆر ڕەنگین‌تر و هەراوترە لەوەی تا ئێستا باسی کراوە. بە پەیدا بوونەوەی هێندێک لە بیرەوەرییەکانی وەفایی لە توێی کتێبی “توحفەتولموریدەین”دا و دەست‌نووس و بەڵگەی دیکە، ئێستا هەلی وەی ڕەخساوە وەفایی چاک‌تر بناسین و ڕەمز و ڕازی شاراوەی نێو چەند شێعری جیاوازی وەفایی بکەینەوە

لە نێو شێعرەکانی وەفایی‌دا چەند پارچەیەک شیاوی هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ و تایبەتن. ئەمانە یادگاری بڕگەیەک لە ژیانی وەفایین کە شاعیر تووشی سەر لێ شێوان و دوودڵییەکی ئاماڵ فەلسەفی ئایینی بووە. وەفایی بە عادەتی جاران سەرەتای شێعرێکی بە تاریفی دیمەنی جوان و ڕازاوەی وەرزی بەهار دادەمەزرێنێ کەچی لە نێوقەدی ئەم پارچەیەدا ئاوڕێک وە ژیانی ڕاستەقینە و ئاسایی خۆی دەداتەوە و ڕەخنە لە ڕابردووی خۆی دەگرێ:

… باغ نییە مەیخانەیە، پڕ مەی و پەیمانەیە

هەر شەم و پەروانەیە لە بەر چاوی هۆشیار

غەیری ئەوی زۆر و کەم، بە زەمزەمەی زیر و بەم

دەخوێنن بە هەموو دەم، مەعریفەتی کردگار

بچو بۆ لای دڵ‌ڕوبای، بە سەر بە یادی خودای

هەتا ئەتۆ بێ وەفای بە خۆت مەکە ئیعتیبار

دەمێک نەفس بگرەوە، وە دووی دڵی خۆت کەوە

بزانە ڕۆژ یا شەوە، خەوت نەیە هەستە کار

هەزار سەوم و سەڵات بێ، چاوت لە دووی زەکات بێ

خودات نییە،حەیات بێ، قەت وا نییە تۆبەکار

تف لە ڕەنگ و ڕووانت، دەگەڵ فێعل و زبانت

چی تێدا نیە دوکانت، چت لێ بکڕێ خەریدار

مومکینی سیڕڕ و پینهان ، هەم سوحوفن هەم زبان

هەم کتێبن هەم بەیان بۆ وەسفی پەروەردگار

قسە بیست و چوارە، هەر یەکێکیان بەکارە

ڕێگای خودای دیارە، بیگرە ببە ڕەستگار

وەفایی ئیدی بەسە، عیشق و هەوای مەدرەسە

بینووسە ئەم هیندەسە، ببتە خەت‌وخاڵی یار

لە خۆ، لەو خەوە هەستە، حەیات بێ هیندە بەستە

وەفایی گێژ و مەستە، دەنگە لە شار و بازار
418

شێوەی ڕوانینی وەفایی بۆ ژیان و ڕابواردن و گەڕانەوە بەرەو خودا، لەو شێعرەدا، بۆیە سەرنج‌ڕاکێشە چون زۆر ڕاستەوخۆ و بە ڕاشکاوی باسی دەکا. لە زۆربەی شێعرەکانی وەفایی‌دا ئەم ڕاشکاوییە نابینین. بەڵام دیسان لە پارچەیەکی دیکە‌دا، بە ورە و ڕاشکاوییەکی زیاتر ئەم بە خۆداچوونەوە و لۆمەی نەفسە ئاشکرایە؛ سەیر ئەوەیە ئەم پارچەیەش هەر “بەهارییە” حیسابە.واتا بە تاریفی بەهار دەست پێدەکا و لەبەر کورت بڕینەوە لە نیوەی شێعرەکەڕا دایدەنێم:

ئەی وەفایی چەند بەهاری وات بە سەردا هات‌وچوو

ئاخر ئەی مەردی حیسابی تا بەکەی نی هووشیار

چوو بە تاراجی خەو و خواردن، هەموو وەقتی عەزیز

چوو بە غارەت عومری شیرینت، هەمو لەیل و نەهار

حەق‌پەرەستیت بوو بە حەول و ئارەزوو و عاقیبەت

وەعدەکەی ئیمرووز و فەردات، بوو بە سی و هەشت و چار

ڕۆژی کەسب و تاعەتە، تۆ دەیکەیە جێگەی خەیاڵ

شەو لیباسی سەفوەتە، تۆ دەیکەیە پێگەی خیمار

ڕۆژ لە باتی فیکری ئەسما، غەیبەت و سوێند و درۆ

شەو لە باتی زیکری ئەڵڵا، دەفتەری چورت و شومار

نەفس و شەیتان، هەر دوو ڕەهزەن، بۆچی مەست و غافڵی

قەت لە ڕێگای پڕ لە دز، بیستووتە بنوێ ڕێبوار؟!

بۆچ وە دووی نەفس‌وهەوا کەوتووی، بە عەقڵی ناتەواو

قەت بە مێشەی پڕ لە شێر، زانیوتە ڕاببرێ شکار؟

ڕۆژ لەبەر کەسبی زگت، هەر تاکوو شەو دێ ناسرەوی

شەو لە بەر مەعدەی پڕت، تا نیوە‌شەو ناکەی قەرار

نوێژ دەکەی، ئەستەغفیرووڵڵا، غەفڵەتە و سەرمەقولات

نوێژ دەکەی، حاشا وە کەللا، چاییە و قەند و قەتار!

نوێژ دەگەییە فاتیحە، تۆ دەچیە سەر ئەتتەحیات!

نوێژ دەگەییە خاشیعە، دەچیە هەواو و دێیە خوار

نوێژ دەکەی خێری خودا قافڵەی کەتیرە و مازووە

نوێژ دەکەی حاشا خەیاڵی خەرج و باج و ڕاهدار

دڵ مەحەللی زیکرە، تۆ دەیکەی بە جێی نەفس‌وهەوا

هیچ مومەییەز نی دەگەڵ خەرموهرە، دوڕڕی شاهوار

با هەزار فیکر و خەیاڵ، حەولی ئەمەل، چاییت کە خوارد

دەچیەوە سەر کاری دوێنێکە، وەکوو پێرار و پار

لەحزەییەک ناڵەی ئەمن بۆچ هاتووم؟ بۆ کوێ دەچم؟

هاتنی من بۆ چییە؟ بۆچی سوار بووم دێمە خوار؟

پاشی چل ساڵ هەر کەسێ خەیر و شەڕی وەک یەک نەبێ

قالە فەخرولئەنبیا: حارز بێ بۆ عەزابی نار

پاشی موودێکی کە وا بەم ڕەنگە عومرت ڕابوارد

پیر دەبی، عەقڵت دەچێ، عەیشت دەبێتە ژەهری مار

من کە هیچم، چم نیە، سەوم و سەلاتم، ئەو هەتا

وای بە وەی خۆی بۆتە ساحیب جووت و ئەملاک و عەقار

چەرمی نێو کوردانە تۆ دەیکەی بە سفرەی تایفی

وەعزی شاروێرانە تۆ دەیکەی بە گەنمی قەندهار ٢

باقیی ئەو بەحسە مەوقووف بێ، وەفایی مەیخە دەر

قەولی حەق بوو، دەورە زۆر تاڵە بە نەفسی نابەکار

ئەو بەشە لە شێعرەکەی وەفایی(وەک دوکتۆر دەشتی ئاماژەی پێکردووە) ڕوونی دەکاتەوە شاعیر تا تەمەنی چل و دوو ساڵی ژیانێکی ئاسایی ڕابواردووە، بەڵام لەو تەمەنە‌ڕا شێوەی ڕوانینی بۆ ژیان گۆڕاوە و هەوڵی داوە پاشماوەی تەمەنی بە چەشنێکی دیکە ڕابوێرێ:

لەحزەیەک ناڵەی ئەمن بۆچ هاتووم و بۆ کوێ دەچم

هاتنی من بۆ چییە؟ بۆچی سوار بووم دێمە خوار؟

پاشی چل ساڵ هەر کەسێ خەیر و شەڕی وەک یەک نەبێ

قالە فەخرولئەنبیا: حارز بێ بۆ عەزابی نار

پا‌شی موودێکی کەوا بەم ڕەنگە عومرت ڕابوارد

پیر دەبی، عەقڵت دەچێ، عەیشت دەبێتە ژەهری مار

ئەم ڕوانینیە ڕەگەی تەنزێکی ناسک و نەجیبانەشی تێدا دیارە کە لە شێعرە کوردییەکانی وەفایی‌دا تەنیا یەک نموونەی ڕاشکاوانەتری هەیە. ئەوەش زۆر سەرنج‌ڕاکێشە و کێشەی لە سەرە کە شێعری وەفایی بێ یا ئەحمەدی کۆر:

ئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو

جان و دڵ مەحرووقی نارم، ئاخ لە بۆ تێڕێک دراو

ئاخ لە بۆ تێڕێک دراوان، نوری دڵ بینایی چاوان

مەرهەمی دڵ کون کراوان، مومیای پشتی شکاو

کوا ڕەفیقێکی تەواو بێ، شیرمەرد و دەست‌بڵاو بێ

ساحیبی چایی و پڵاو بێ، حاتەمی دەوران بەناو

زێڕ و زێو بابی هەتیوان، غەوس و قوتبی هیچ نەدیوان

ئاخ کە لە منیش بۆتە میوان، دین و دڵ بۆ دانراو

زێڕ و زێو فیکر و خەیاڵمە، دایک‌‌ و باب و مام و خاڵمە

دڵبەری سەت ماهــ و ساڵمە، لازم و مەلزووم کراو

هەر کە پارێکی دەبینم، دێتە جۆش گریان و شینم

دین و ئیمانم دەبینم، دێتە ئیکلام و سڵاو

دێمە ئیکرام و سڵاوان زێر و زێو ڕووناکی چاوان

ڕاحەتی جەرگ و هەناوان، تا ئەمن بیڵێم تەواو

عاشقم، عاشق بە زێڕم، ئەی خودا چاوان دەگێڕم

پڕ بکەی خورجین و تێڕم، با منیش ببمە پیاو

قەت کەست دی تەرزی من بێ؟ ساحیبی منداڵ و ژن بێ؟

دەست‌مایەی کیر و گون بێ، ڕووت‌وقووت و کەس نەماو

غەرقی دەریای جودایی، مەستی تۆبەی دوو هەوایی؟

عاشقی مسکین وەفایی، هەی خوا بیخەی لە داو

بەڵێ وەفایی لەم بڕگەیەی ژیانی‌دا بەڕاستی تووشی “تۆبەی دووهەوایی” بووە. لە نێوان عیشقی حەقیقی و مەجازی، هەرزەکاری و پوختەیی، ڕابردوو و داهاتوو، نەریت و نوێخوازی لە ژیانی ئاسایی‌دا. هەر ئەو خولیایەش سەری نەسرەوتووی پێهەڵگرت و کێشایە نێو گێژاوێک کە تا کۆتایی تەمەنی خۆی پێ نەگیراوە و سەرەنجام لە غەریبی سەری نایەوە… . ئەم بڕگەیەی ژیانی وەفایی (نێوان ٤٠ تا ٤٥ ساڵی تەمەنی) شیاوی سەرنجی تایبەتییە. لە ئەنجامی ئەم کێشە دەروونییەدا و بە مەبەستی چوون بۆ ئەستەنبووڵ، وەفایی ڕووی کردە خاکی شەمزینان و لە خزمەت شێخ عوبەیدیللا گیرسایه‌وە.

ئەگەرچی ئەم شێعرە وەک شێوازی وەفاییش ناچێ، بەڵام وەک لە دوو پارچەی پێش‌تردا دەبینین، دەتوانێ لە ڕوانینی تازەی وەفایی نیزیک‌تر بێ. بەتایبەت کە “دەست‌مایە”ی بەرباسی وەفایی، لە پارچە‌شێعری “ڕۆژی تەرەب و کەیف 422و دەمی جۆنە کوتانە” و “شیرین تەشی دەرێسێ”ش‌دا لە بەر چاوە و قالب و زمانی ئەو دوو شێعرەش تایبەت بە وەفایی‌یە. هەروەها ئەم پارچە‌شێعرە لە سەرچاوە دەسنووسەکانی بەر دەستی محەممەدعەلی قەرەداغی و ئەییووبیان و دەست‌نووسی” میرزا ئەحمەدی ئاغا تەها”ش‌دا هەر بە ناوی وەفایی تۆمار کراوە.

ئەگەر بتوانین ئەو چەند نیشانەیە لە نێو شێعرەکانی وەفایی بکەینە بەڵگە، دەبێ بڵێم وەفایی لە تەمەنی زیاتر لە چل ساڵی‌دا هەوڵی داوە بۆ دەست پێکردنی ژیانێکی تازە. ئەگەر باوەڕمان بە دەنگدانەوەی بیر و بۆچوون و عیشق و هەوەس و ئەزموون و بەسەرهاتی شاعیران بێ لە شێعرەکانیان‌دا، ئەنجا دەتوانین کاریگەری ئەم چەند دیاردەیە لە سەر شێعری وەفایی بخەینە بەر سەرنج و هێندێک لەو شێعرانە بناسینەوە کە لە بیر و ڕوانینی سەردەمی لاوێتی وەفایی دەوەشێنەوە. شێعرگەلێک کە لە باری زمانەوە ساکارن، لە ژێر کاریگەریی کێش و سەروای شاعیرانی کۆن‌تر دان، ئاسەواری هەوەس و شادی و جوانی و غرور و ژن و. . . زیاتر دیارە و نیشانەی تری لەم چەشنە.

لە شێعری تافی لاویی وەفایی‌دا وشە و دەستەوشەی عەڕەبی، زاراوە و تەعبیر و تەلمیح و تەمسیل و…ی عەڕەبی و بەگشتی ئایینی، کەم‌تر دەبیندرێ. بەپێچەوانە وشە و دەستەوشە و تەشبیهـ و…ی فارسی زۆرە وەک زولف و شانە و گوڵ و موژگان و مەی و میشک و…

“گوڵ” لە شێعری ئەم سەردەمەی وەفایی‌دا، شوێنێکی تایبەتی و بەرچاوی هەیە؛ زیاتر لە عادەتی ئاسایی شاعیرانی تر. وەفایی بە هەر وشەیەکەوە بۆی گونجابێ گوڵی لکاندووە: گوڵ‌قەند، گوڵ‌خەندە، گوڵ‌شەکەر، گوڵ‌بەر و…. بەوەش ڕانەوەستاوە و تابڵۆی سەرنج‌ڕاکێشی بە گوڵ خوڵقاندووە:

لە هەوای باغی گوڵانی کە دەنازێ حەقییە

گوڵی من گوڵ‌دەمە، گوڵ‌چەپکەنە، گوڵ پیرەهەنە

خۆش بوو لەگەڵ گوڵ، گوڵ پشکووت، گوڵ‌پەڕم وەری لە یاقووت

لا دە لێم وەفایی دەیکوت، تۆ گەدا من شا بۆت نابم

سەروی گوڵزاری وەفایی کە لە گوڵزاری جەماڵ

خەندە ‌گوڵ، گوڵ ‌بەرییە، هەم گوڵە هەم گوڵ‌پەرییە

لەبی گوڵ، زاری گوڵ، ئەندامی گوڵ، ڕوخساری گوڵ، گوڵ‌بەر

هەتا کەی من بڵیم سەربەستە،جەللادم فڵانی بوو

وەک لە ئاخر بەیتی ئەم چەند نموونەیە دیارە، وەفایی سەربەستە مەنزووری خۆی گەیاندووە! بەڵام دواتر ئاشکراتر باسی دەکا:

قەد گوڵ و ڕوو گوڵ و دامانی گوڵە

ڕاستە ئەمڕۆ “ گوڵە” خەرمانی گوڵە

تابەتای زولفی کە شێواوە بە ڕوو

سونبولستانی گوڵستانی “گوڵە”

ڕۆژ وەدەر ناکەوێ تا سوبحی عوزار

هەڵنەیە شەو لە گریبانی “گوڵە”

بۆ دڵی شیفتە بۆچی بگریم

بەستەیی چاهی زەنەخدانی “گوڵە”

…بۆنی خەندەی گوڵی باغانە ئەرێ

یا هەناسەی لەبی خەندانی “گوڵە”…

بەکورتی لە سەردەمێکی ژیانی‌دا، گوڵ لە زاری وەفایی ناکەوێ:

ئەی سەبا تێک‌مەدە تۆ پەرچم و کاکۆڵی “گوڵە”

زولف و کاکۆڵی “گوڵە” مەسکەنی سەت پارە دڵە

ڕامی دامم نەبوو هەرگیز بە فسوون دڵ بووە خوێن

گوڵە سەرمەستە، غەزالێکی عەجەب وەحش و سڵە

چییە ئەو خاڵە کە وا بۆتە نیشانەی دەمی تۆ

نوقتەیە، هیچە، کەچی نوکتەیی سەت ئەهلی دڵە

دەم و خەندە و قسە و ماچی چ هەرزانە بە ڕووح

دەم و خەندەی نوقڵستانە، قسەی وی نوقوڵە

وەرە بنواڕە دڵم ئەی “گوڵە” بەو زاری گوڵت

بولبولێکە چ حەزینە چ لە گریان بەکوڵە!

قەت بە دڵ یاری وەفایی نەبوو، حەیرانم ئەمن

دڵ کە مەعلوومە یەکە، ئەی “گوڵە” بۆچی دوودڵە

خۆزگە ئەو “گوڵ”ەیە هەر “گوڵەندام” بێ ئەگینا ناچارین لە ڕیزی گراوییەکانی وەفایی، ئەمەش زیاد بکەین‌‌! هەر وەک “پەری”یەکی هەیە کە وەفایی بە نیاز بوو وەک “شیرین” بیکاتە قارەمانی شێعرێکی جیاواز:

ڕۆژی ئەدەب و کەیف و دەمی جونە کوتانە

بەو دەستەیی جۆنێوە “پەری” بۆتە نیشانە

دەستی بە مە توند گرتووە گەرمی قەوەتانە

نێوکی نەکەوێ یا ڕەبی بەو بارە گرانە

جانی منە جونی دەکوتێ عوزر و بەهانە… ٣

بەداخەوە وەفایی نەیتوانیوە ئەو شێعرە سەرکەوتوانە تەواو کا و زیاتر وەک ڕەش‌مەشقێک دەچێ کە داینابێ دواتر کاری لە سەر بکا، بەڵام “پەری” دیسان بۆتە میوانی شێعرەکانی:

بۆیە سووتاوم ئەمن عاشقی بەدناوم ئەمن

دڵەکەم غەمزەدەیی غەمزە و نازی پەرییە

گوڵ بە خەندە پەرییە، قیبلەم جیلوەی مەلەکە

شێت و دێوانەی کردووم چ مەلایک چ پەری

یەکێک لە شێعرە جوانەکانی وەفایی پێنج خشتەکییەکە لە سەر شێعری نالی کە لە هیچ کام لە دیوانە چاپ‌کراوەکان‌دا نییە و دوکتۆر دەشتی لە کتێبەکەی د.خەزنەدار وەریگرتووە. وێدەچێ ئەم شێعرەی لە سەرەتای ئەزموونی شاعیرانەی‌دا نابێ، بەڵام زۆریش وەستایانە و جوانە.

باغەوانی خولد پەروەردەی “مەنیجەی” کردووە

فێری سەد ناز و نیاز و شەرم و عیشوەی کردووە

هەر بە شیرەی جانی شیرین پەروەریدەی کردووە

گوڵبونی قەدت لە قوببەی سینە غونچەی کردووە

خونچە بەم شیرینییە قەت نەیشەکەر نەیکردووە

هەڵبەت وا دیارە مەنیجە ئاگای لێ بووە کە وەفایی “عیشقی گوڵەندامی لە سەر دا”! بۆیەش وەفایی ناچارە بیلاوێنێتەوە:

کەس نەڵێ شەهدی گوڵەندامە لە نامەی کردووە

قیبلەکەی دینم دەڵین لەو وەجهه شیکوەی کردووە

پێی بڵێن من هەر ئەوەم ڕووحم بە فیدیەی کردووە

خۆم بە قوربانی سەر و دەسماڵ و دوگمەی کردووە

خۆم بە قوربانی دوو چاوی پڕ لە سوورمەی کردووە

بەم چەشنە دەبینین بەشێک لە ڕەوان‌ترین و جوان‌ترین شێعرەکانی وەفایی هی سەردەمی لاوی و دڵداری وەفایین کە وێدەچێ بە عیشقی گوڵەندامەوە دەستی پێکردبێ و مەنیجە و پەری و دڵارام و… ی گرتبێتەوە.

ئیتر باسی” شیرین” هەر ناکەم کە هەموو کەس “شیرین تەشی دەرێسێ”ی وە بیر دێتەوە. بەس ناچارم بڵێم لە بەشی هەرەزۆری شێعرەکانی وەفایی “شیرین” وەک ناو یا ئاوەڵناو، یا بە ئیشاڕە و کینایە و ئیستیعارە و تەلمیح و… هاتووە، ئەوەش لە کاری وەفایی‌دا بە هەڵکەوت نابێ، ویستم لیستەیەک لەو بەیتانە بگرم کە “شیرین”ی تێدایە، لە فارسی و کوردی‌دا لە سەد بەیت تێپەڕی و وازم لێ هێنا! تەنیا چەند بەیتێکی دێنمەوە:

من کوشتەیی تۆم بەو دەمە شیرینە مەسیحا

من تەشنە ئەتۆش ئاوی حەیاتت لە زەقەن‌دا

لە سینەم‌دا چ شیرین دڵ دەناڵێنێ بە مەحزوونی

وەرن لەو شینە گوێ بگرن لە شینی شیوەیی نەی‌‌دا

ئەمن نەمدیوە هیندوو باغەوانی باغی جەننەت بێ

بە شیرینی چ دڵکێشە بنازم خاڵی ڕوخسارت

ڕوحمت پێدا نەهات شیرین خوداگیر بی

ڕووحی بۆ تۆ دانا فەرهادی مسکینت

ئەتۆ سەروێکی ڕەنگینی لە بەر چاوان بی شیرینی

لە بەر چاوم نەڕۆی چاکە حەیاتم غارەتی دینم

شەکر قەدری نییە قوربان ئەگەر شیرین نەبێ یەعنی

دەبێ تۆش لێوەکەت بێنی هەتا من ڕوحەکەم بێنم

بە شیرینی کە جان‌بەخشی بە مەحبووبی کە دڵکێشی

ئەتۆ هەر ئابی حەیوانی، ئەتۆ هەر ماهی کەنعانی

بەشیکی دیکەی شێعرەکانی وەفایی، شێعری سۆفیانە و مریدانەی وەفایی‌یە. بەشێک لەو شێعرانە پێویست بە لێکۆڵینەوە و شاهید هێنانەوە نییە چون مەدح و ستایشن یا مەرسییە و شین‌گێڕیی وەفایی بۆ شێخ عوبەیدیللا و ستایشی شێخ عەبدولقادری شەمزینییە. لەو شێعرانەدا وەفایی بە ڕاشکاوی ناونیشانی شێخ و مورادی خۆی هێناون و لە کتێبی “توحفەتولموریدەین”ی خۆی‌دا باسی چۆنێتی دانانی کردوون، بەڵام بەشێکیان لە عیرفان نیزیک دەبنەوە و لە نێوان عیشقی حەقیقی و مەجازی‌دا خول دەخۆن و هەڵاواردنیان زەحمەتە. زۆربەی غەزەلە بەناوبانگەکانی وەفایی لەم بەشە دان:

ئەلا ئەی ساقیی مەستان بە حەققی پیری مەیخانە

بە گەردیش بێنە جامی مەی بە یادی چاوی جانانە

لە ئەنفاسی سەحەرگاهی بترسە ئەی چرا جارێک

هەناسەی عاشقان تیژە مەڵێ پەروانە بێخوێنە

هێند نەخۆشی دەردی دووریم، وەختە گیان و دڵ دەرێ

ئاخ نەسیمی سوبحدەم بێ عەرزوحاڵی من بەرێ

وەفایی و شێعری قەتارە و گۆرانی

ڕەنگە وەفایی تاقە‌شاعیرێک بێ کە هێندێک لە شێعرەکانی بە مۆسیقا و ئاوازی تایبەتی 419خویان تۆمار کراون و لە سەر زاران ماون و بوونەتە بەشێک لە سامانی فەرهەنگی و کەلتووری کورد. ئەگەرچی تاک‌وتەرای شێعری زۆربەی شاعیران لە گۆرانی و مەقامی کوردی‌دا بەدی دەکرێ، بەڵام کاری وەفایی لە تاک‌وتەرا دەرچووە و شێوازێکی هونەری لێ پەیدا بووە کە شێعر و مۆسیقی بە چەشنێک تێک‌تەنراون ناکرێ لێکیان هەڵاوێرین و هەست بە تێکدانی نەکەین. هۆی ئەم تێک‌تەنینە ئەوەیە کە وەفایی خۆی شێعرەکەی داناوە و لە هەمان کاتیش‌دا ئاوازی بۆ ڕێک‌خستووە و بە دەنگیش چڕیویەتی. ڕەنگە بڕوا پێکردن بەو ئاستە لە مرخی هونەری و ئەدەبی وەفایی بڕێک چەتوون بێ، بە‌تایبەت کە ژیان و بەسەرهاتی وەفایی لە خەرمانەی چاووڕاو و دەنگۆ و ئەفسانە و حیکایەتی بێ بنەمادا لێڵ و تەماوی بووە، بەڵام بە هۆی ئەمەگ و دڵسۆزیی شاگردانی وەفایی، لە موکریان‌دا هەموو خەڵک دەزانن کە شێوازێکی تایبەتی لە گۆرانی و مەقامی ئەم ناوچەیە داهێنانی وەفایی بووە و پاراستنی ـ لەو پەڕی ئەمانەت و دلسۆزی‌دا ـ لە ئەستۆی بنەماڵەی بەڕێزی ماملێیە کە ڕاستەوخۆ لە وەفایی‌یان وەرگرتووە و پاراستوویانە، بەڵام وەک بەڵگە بۆ نرخی هونەری بەرهەمی وەفایی و پێوەندی بە بنەماڵەی ماملێ، گێڕانەوەی قسەی چەند سەرچاوە پێویستە:

١ـ وەفایی لە پێشەکی پارچە‌شێعرێکی خۆی‌دا ئاماژەی بە دەنگ‌خۆشی و چڕینی خۆی کردووە، ئەویش لە سەر ویست و داخوازی موڕشید و پیری خۆی جەنابی شێخ عوبەیدیللای نەهری: “در زمستان یک شب در واقعە بە حضور مبارک مشرف شدم در میان جمعی از خلفا… فرمودند کە عریضەی خودت را، کە این غزل است، بە آواز بلند برای من بخوانی. بعد کە موسم بهار بە حضور مبارک رسیدم بە طبق واقعە واقع شد.”٤

٢ـ گێڕانەوەیەکی مامۆستا هێمن دەسەلمێنێ وەفایی غەزەلی خۆی بە دەنگ چڕیوە و مام سەعیدی ماملێش لێی فێر بووە: “من لە پیرەپیاوانی مەهابادم بیستووە وەفایی ئەو ڕۆژەی کە بۆ حەج چووە و نەگەڕاوەتەوە ئەو غەزەلەی کوتووە و گریاوە و ماڵاوایی کردووە. ئەو غەزەلەم زۆر جار بە دەنگی سەعید ماملێ و عابید بیستووە و پاشان کوڕەکانی مام سەعید بە ئاهەنگێکی خۆش کوتوویانە.”٥

٣ـ گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی نەمر محەممەد ماملێ لە زمان خۆیەوە، بەتەواوی دڵنیامان دەکا وەفایی ئاواز و ئاهەنگی بۆ شێعرەکانی خۆی داناوە و شاگردەکانی لێی فێر بوون و پاراستوویانە:

مامۆستا ماملێ بیرەوەرییەکی خۆش لەو شێعرە [بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو] و لە ئاهەنگەکەی دەگێڕێتەوە و دەفەرموێ: لەمێژ بوو ئاهەنگێکی وەفایی کە لە بابم بیستبوو لە بیر چووبۆوە و زۆری پێوە ناڕەحەت بووم، هەرچەندەش دەمکرد وە بیرم نەدەهاتەوە تا ئەوەی کە ڕۆژێک بە کووچەی حەمامی شافیعی (حەمامی پووتی)دا تێپەڕ دەبووم کەچی گوێم لێ بوو کە خەییام (دەروێشێک بووە کە بە دایم هەر لەو گەڕەکەی شاری سابڵاغ و لەو کۆڵانەدا ژیاوە و ناوی کەریم بووە، بە ڕیوایەتێک کوڕ یان نەوەی وەفایی بووە و بە ڕیوایەتێکیش هەر خزمی وەفایی بووە) لە بەر خۆیەوە نارەناری دێ کە لێی ورد بوومەوە، هەواکەی زۆر بە گوێم ئاشنا بوو تا ئەوە کە زانیم هەر ئەو ئاهەنگەی وەفایی‌یە کە لە بیرم چووبۆوە جا پیلم گرت و بردمەوە ماڵێ و هەر ئەو کوتی و هەر ئەمن گریام. وا بوو ئیدی هەر ئەو ڕۆژە ئەو هەوایەم لە ترسی ئەوە کە ئەوجاریش لە بیرم نەچێتەوە تۆمار کرد… ٦
424

ئەو شێعرانەی وەفایی کە بە دەنگی ماملێ تۆمار کراون دەگه‌نە ڕادەیەکی بەرچاو. ئەگەرچی وێدەچێ مێلۆدی ئەم گۆرانی و مەقامانە بە سەلیقەی ژەنیارانی هاوڕێی ماملێ ڕێک‌وپێک کرابێ و داڕژابێتەوە، بەڵام ئێستاش دەگونجێ بێ ئامێری مۆسیقایی، تەنیا بە دەنگی بێژەرێکی شارەزا، چێژی لێوەرگرین. بە پێک گرتنی دیوانی وەفایی و دەقی ئەو شێعرانەی لە کۆمەڵە‌گۆرانییەکانی ماملێ‌دا چاپ کراون، شوێنی وا دەبیندرێ کە بەیتێک یا چەند وشەیەک لە یادگارەکانی ماملێ‌دا چاک‌تر پارێزرابن، وشەی جیاوازیان هەیە، یان تەنانەت داڕشتنێکی جیاوازیان هەیە. وەک ئەم پارچەیە:

چاوەکەم دیسان نیشانەی تیری موژگانم مەکە

حەیفە بێ سووچ و گوناهم تیرەبارانم مەکە

دەردی من دەردی گرانە ئەی تەبیبی میهرەبان

زەحمەتی ناهەق مەکێشە تازە، دەرمانم مەکە

ڕەهزنی زولفت بفەرموو لێم‌گەڕێ بێم و بڕۆم

بێ‌نەوام و ئارەزووی ئازار و لێدانم مەکە

تاقەتی باری پەرێشانی فیراقت موشکیلە

دوور لە ڕووی تۆ هەر وەکوو زولفت پەرێشانم مەکە٧

ئەم غەزەلە ناتەواوە بەگشتی جیاوازە لە دەقی نێو دیوانی وەفایی.

هه‌ر ئەو بەیتە لە دیوانی وەفایی‌دا مەتلەعە:

لێوەکەی ئاڵت دەڵێن ئاور لە عاشق بەردەدا

زەڕڕەیێ نوورە بەڵا ئاور لە ئینسان بەردەدا

لابەیتی یەکەم لە نوسخەی ئەییووبیان و چاپی قەرەداغی‌دا ئاوا هاتووە:

لێوەکەی ئاڵت دەڵێن عاشق لە سووتان بەردەدا!

دیارە عاشق لە سووتان بەردان زۆر هەڵەیە، کەچی لە دەقی ماملێ‌دا دەبینین ئاوایە و دروستە: لێوەکەی ئاڵت دەڵێن ئاور لە نێو گیان بەردەدا

٥ـ هێندێک لەو شێعرانەی وەفایی کە بە شێوەی قەتارە، مەقام و گۆرانی بە دەنگی ماملێی نەمر تۆمار کراون:

ــ لەبەر نازی چاوبازان، خورد و خەوم خوێناوە

ــ مەمکوژە تۆ و گەردنی خۆت، ڕوو لە زوڵفان دەرخەوە

ــ لە باغان ئاهـ و ناڵین دێ، دەڵێن شای نێو گوڵان ڕۆیی

ــ ئەرێ ئەی بە زولف و ڕوخسار سەنەمی چین ماه‌تابم

ــ گوڵەکەم دەڵێن ئەوا دێ، هەموو وەختێ چاوەچاوم

ــ ئەو چاوانەی وا خوماری نازن

ــ سەرابستان خەرابستانە ئیمڕۆ

ــ بەهاری عەیشی هەر زستانە ئێمڕۆ

ــ دەمێک ساقی دەمت بێنە

ــ بە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو

ــ لەبەر نازی چاوبازان

ــ ئەی دڵ وەرە وشیار بە، ئاوایە ڕێگای عاشقان

ــ بە بێ‌باکی دەمێکی هات و داغی کردم و ڕۆیی

ــ نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم

ــ غەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانم مەکە

ــ گا دەگریێم گا دەسووتێم غەرقی ئاو و ئاورم

ــ لەو ڕۆژەوە دوور کەوتەوە سایەت لە سەری من

ــ شیرین تەشی دەڕێسێ

ــ لە سەر ڕوو کازیبەی زوڵفت وە لا بە
421

جگە لەوانەش تاک‌وتەرا بەیتی ناسراو و نەناسراوی وەفایی لە مەقام و ئاوازەکانی دیکەی ماملێ‌دا دەبیسترێ. هێندێک بەیتیش هەن کە زۆر وەک شێوازی وەفایی دەچن، بەڵام لە دیوان و دەست‌نووسەکان‌دا نین وەک:

تا بە کەی وەک نەی بناڵم، یارەکەی بێ مروەتم

تۆ خەریکی عەیش و نۆش و من دوچاری زیللەتم

ناحەقیت کرد و شکاندت ئەو دڵەی کوژراوی خۆت

سەیلی موژگانت بە خوێنە خوێنی جەرگی لەت‌لەتم

گەر بە هیوای قەتڵی من بی هانێ خەنجەر بمکوژە

خۆش‌ترە مردن لە ژینی پڕ لە جەور و مێحنەتم ٨

یا ئەم چەند دێرە کە تێکەڵی بەندێکی “شیرین تەشی دەڕێسێ” بووە:

کە تۆ ڕوحمت نەماوە، دڵ دەسووتێ وەک قاوە

مەست بووم هۆشم لێنەبوو دەمم بۆ ڕووت هێناوە

کافرەی بێ دین و ئیمان، بۆ ئەمنت وە‌لا ناوە

سەرێکە مەستی نازت، دڵێکە بۆت نەماوە

دڵم هەقی بە دەستە، فتوای سەری دراوە٩

ئەنجام: وەفایی لە ڕیزی پێشەنگانی مەکتەبی شێعری موکریان‌دا باڵایەک لە هەمووان بەرزترە. شێعری وەفایی خاوەنی زمان و ڕاوێژ و شێوازێکی تایبەتە. ژمارەی ئەو شێعرانەی وەفایی کە خاوەنی کێشی دەگمەن یا بڕگەیین، هەروەها هەوڵی داهێنەرانه‌ی وەفایی بۆ ئاڵ‌وگۆڕ لە قالبی پێنجێن و پێنج‌خشتەکی و موسەممەت و تەرجیع و… بەرهەمی تاقانەی وەک “شیرین تەشی دەرێسێ” لێکەوتەوە. وەفایی شاعیرێکی زۆر پڕکار و پڕبەرهەمیش بووە؛ دیوانی کەم شاعیری کلاسیکی کوردی ئەوەندە ئەستوور و دەوڵەمەند و پڕبەرهەمە.

کتێبی دیوانی وەفایی(بڕوانه‌ سه‌رچاوه‌ی په‌راوێزی 1) باش‌ترین سەرچاوەیە بۆ خوێندنەوەی شێعرەکانی وەفایی کە تا ئێستا چاپ کراوە، خوالێخۆش‌بوو ئەییووبیان سەرچاوەی دەسنووسی زۆر ڕەسەن و جێی متمانەی بە دەستەوە بووە و لە نوسخە چاپییەکانی پێش خۆیشی کەلکی وەرگرتووە. بەڕێز د.دەشتیش بۆ پێداچوونەوە و ئامادە کردنی بەرهەمەکەی ئەییووبیان زەحمەتێکی زۆری کێشاوە و بە نووسینی پێشەکییەکی پوخت و بەڵگەیی، کاری خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی، لە سەر ژیان و شێوازی شێعری وەفایی زۆر ئاسان کردووه‌تەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم کارەش بێ هەڵە و کەم‌وکورتی نییە، بەتایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ژیانی وەفایی پێش چوونی بۆ نەهری، دوکتۆر دەشتی زۆر بایخ و سەرنجی نەداوەتە وردە‌زانیارییەکانی نێو پێشەکی چاپی گیو و سەیدییان و پەراوێزەکانی ئەییووبیان.لە دەقی شێعرەکانیش‌دا هەڵەی تایپی و خوێندنەوە و مەعنای وشە و دابەش‌کردنی نیوەبەیتەکان و… زۆرن و پێداچوونەوەی تایبەتی و وردیان گەرەکە. ئەو باسە هەڵدەگرم بۆ دەرفەتێکی دیکە، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش حاشای لێناکەم ئەم چاپە تازەیەی دیوانی وەفایی، بۆ ناسینی زیاتری وەفایی وەک پێشەنگی شێعری موکریان زۆر یارمەتی داوم.

سه‌ر‌چاوه‌ و په‌راوێزه‌کان:

١ـ بڕواننە دیوانی وەفایی، گردوکۆ و بەراوردکاری: سەید عوبەیدوڵڵا ئەییووبیانی مەرکەزی، ساغ کردنەوە و پێشەکی نووسین و ئامادە کردنی: د.عوسمان دەشتی، بڵاوکراوەی ئاکادێمیای کوردی، هەولێر ٢٠١٢

٢ـ “وەعزی شاروێران” یانی چی؟ پێم وایە “دەغڵی شاروێران دروستە کە لەگەڵ “گەنمی قەندهار” دێتەوە و دەبێتە موراعاتی نەزیر. له‌ ده‌سنووسه‌ کۆنه‌کان‌دا لامی قه‌ڵه‌و (ڵ) به‌ پیتی (ض) ده‌نووسرا. وێده‌چی ئه‌م وشه‌یه‌ “دغضی” نووسرابێ و خراپ خوێندرابێته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌سنووسه‌که‌م نه‌دیوه‌، به‌ڵام به‌ دڵنیایی “وه‌عزی شاروێران” دروست نییه‌.

٣ـ مەعنای ئەم نیوەدێڕەش کە بۆتە تەرجیع‌بەند مەعلووم نییە.

٤ـ دیوانی وەفایی، محەممەدعەلی قەرەداغی، لاپەڕه‌ی ـ ٢٧٩، السلام ای باغ رویت جنت‌الماوای من

٥ـ هەمان، ل ،٥٠ (ئەرێ ئەی بە زولف و ڕوخسار سەنەمی چین ماهتابم…)

٦ـ یادی بەخێر، سەرجەمی گۆرانییه‌کانی ماملێ، کۆکردنەوەی هیوا قارەمانی،١٣٩٠، مەهاباد، لاپەڕه‌ی ٧٠

٧ـ هەمان، لاپەڕه‌ی ٣٨٢

٨ ـ هەمان، لاپەڕه‌ی ٤٢٩

٩ـ هەمان، لاپەڕه‌ی ٤٣٢

ئاڵبۆمی ڕێژنە
دوایین بەرهەمی محەممەد ماملێ

بۆ کڕینی ئۆرجیناڵی ئاڵبۆمی "ڕێژنە"، دەتوانن پێوەندی بەم ئیمایلەوە بکەن:
info@mamle.net
هەروەها بۆ گوگرتنی ئانڵاین دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بفەرموون.

لالە بە دەستان
هاشم نانەوازادە

بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بکەن.

گۆرانییەکانی ماملێ

Here is the Music Player. You need to installl flash player to show this cool thing!