
ئامادەکردنی: جەزا کەریم (جەزای ساز)
بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و هەوادارانی مامۆستا ماملێ، بە ئامادەبوونی بەڕێز “بابەکر دڕەیی” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر و نوێنەری سەندیکای هونەرمەندان، مەراسیمی ساڵیادی مامۆستا ماملێی نەمر بەڕێوە چوو.
کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ لە قاوەخانەی کولتووری فەرمانبەران بە هاوکاری کۆمەڵەی هونەریی میللی کوردستان ئەو یادەیان شکۆدار کرد.
سەرەتا لە ڕێگەی داتاشۆوەوە کار و چالاکی و ڕێو ڕەسمەکانی ساڵانی ڕابردوو هەر لە دانانی پرسە بۆ ماملێی نەمر لە سلێمانی و دواتر چلەی ماملێ و ساڵیادەکانی پێشوو و فلیمێکی دیکۆمێنتاری نمایش کراوە. دواتر بەڕێزان بابەکر دڕەیی و مامۆستا عەبدولی حەمەباقی وتاریان لە سەر گەورەیی هونەریی ماملێ پێشکەش کرد.
دواتر گەنجێکمان ناساند بە ئامادەبووان کە لە شارۆچکەی “بازیان” نیشتەجێیە و لە خۆشەویستی “ماملێ” ناونراوە (ماملێ).
پاشان هەریەک لە هونەرمەندان سمایلی ماملێ (قەرەداخی)، ساڵحی چایچی، نەرمین ڕەزا، یونس بوراقی، وەستا جەبار و سەید عومەر چەندین گۆرانی ماملێیان پێشکەش کرد وەکوو شوێنکەوتووانی ڕێبازی هونەریی ماملێ.
٢٣/٠١/٢٠١٧
کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان