Get Adobe Flash player
“سووڕی دەوران”ی
“سووڕی دەوران”ی

بۆ کڕینی ئۆجیناڵی ئاڵبۆمی "سووڕی دەوران"ی مامۆستا هێمن موکریانی، پێوەندی بەم ئیمایلەوە بکەن:
info@mamle.net
یان کرتە لەسەر ئەم وێنەیە بکە.

Telegram
Telegram

بە کرتە کردن لەسەر ئەم وێنەیە، دەتوانن میوانی پەیجی تێلێگڕامەکەمان بن.

یادی بەخێر
یادی بەخێر

بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بکەن.

بازی بێریان
بازی بێریان

بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بکەن.

مامۆستا: بێهروز کورد ئەحمەدیBehrooz kord ahmadi

لەگەڵ ئێوەمە هۆگرانی دەنگ
بە چاوی دڵوو ببینن نەهەنگ!

بۆچی دەگەڕین بە شوێن ئوستوورە
ئەو تراویلکەیە یەکجار زۆر دوورە

وێڵی دیتنی کامە ئەستێرەن؟
ئینگۆ کە بەدل، بە گیانیش لێرەن

لە کام زەڵکاوە چاو لە قڕژاڵن؟
لە شوێن چەن بۆقی گرژ و خوێن‌تاڵن؟

پرسن لە باپیر، کاتی جێژوانی
بە دەنگی کێ کچ هاتە کەوانی؟

چاکی لەبیرە ئەو داپیرەتان
کێهە لرفەی دەنگ دەیخستە پیران

تۆشەی بابیشووبۆ کوێ ڕۆشتبایە
تەنیا هەر دەبوو دەنگی وی بایە

دایکتان کە خەمی دەربەدەری بوو
بەس شریتەکانی ئەو لە سەری بوو

تۆش کە ئێستاکە مۆدێڕن و ژیری
میراتگرەکەی چاخی باپیری…!

باسی سێ نەوە و نەسڵی کورد دەکەم
باسی مۆسیقای ئەسڵی کورد دەکەم

باسی “ماملێ”یە دەکەم بە حەسرەت
ئەو لە گەورەیی بوەتە حەزرەت

لە پردی سووری مەهابادەوە
دەنگی بەسۆزیی هات بە بادەوە

پەڵکەزێڕینەی خاکی موکریان
باڵی ڕاکێشا بۆ گشت کوردستانBEHROOZ KORD AHMADI 2

بەوەش نەوەستا مامۆستاکەی دەنگ
بێشکە و هەلۆرکی گرتە بەر ئاهەنگ

باشووری ئاخنی لە سەفا و لە شوور
ناوبانگی نەوای گەییشتەوە باکوور

وشە و هەم واژەی شاعیری هەژاند
شێعری تەڕیانی بە کوردان گەیاند

ئەو بۆ چڕینی چریکەی دژوار
لەرزەی چەهچەهەی دەردەچوو لە زار

بە بێ تیز و فیز، مەجلیسئارا بوو
زستانی دەنگی لە بەهارا بوو

لە کاتی چرین، زەردە و پێکەنین
هەر لە خۆی جوان بوو پیاوی خوێن‌شیرین

داخوا چەندە ژن ئاشقی بووبن
بەرەو ڕووگەکەی سەڵای ئەو چووبن

چەندە لاوی کورد بە نەوای “ماملێ”
خۆیان هەڵداوە بە لاوک و لێلێ

یا چەند کێژۆڵەی ناسک و نازدار
بە سۆزی “ماملێ” گەیشتوونە هەوار

دەنگی “ماملێ” و باڵی پەروانە
سرتە و ناسکیی لای جێژوانە

دەنگی “ماملێ” و تاسەی دیاران
سوکنایی‌دەری غەریبی شاران

دەنگی ماملێ و وەفای مەیخانە
هەردووک تێکەڵن وەکوو ئەفسانە

بانگی ماملێ و بانگی مەلایان
فەرقیان فرەس وەک زەوی و ئاسمان

ئەم بانگی دڵە و لە دڵ دەنیشێ
ئەویان ڕەخساوە بۆ کار و ئیشێ!

دەنگی “ماملێ” هەتا هەتایە
زاد و زیادبوونی لە ڕیشە نایە

ئەگەر خاپوور بێ دنیا بە جارێ
ئەگەر لەمەوپاش باران نەبارێ

ئەگەر گوڵستان وشک بێ و بولبول ڵاڵ
ئەگەر وشکارۆ دا لە ماڵ و حاڵ

ئەگەر نەخۆشی و پەتا پەیدا بێ
ئەگەر ژەمەنان ژەهر تێیدا بێ

ئەگەر بپڕووزێ دوو باڵی ئەوین
ئەگەر ون ببن بەهار و هاوین

تەنیا یەک دەرمان هەیە بۆ چارە
ئەویش ماملێ و سۆزی قەتارە

هۆ هۆ ماملێ، حەزرەتی مەزن
ئەوینی دڵی گەلێک پیاو و ژن

تۆ ناچی لە دڵ، تۆ ناچی لە گیان
بە دەنگی تۆیە مانا دەگرێ ژیان

خۆزگە بە دەنگت من دەدرام تەڵقین
چونکە بەدەنگت من هاتمە سەر دین

دینی نەوای تۆئەی ئەفسانە ساز
ئەی نهێنییەکەی هەزار نیاز و ڕاز

ئەی “ماملێ”یەکەی چیرۆکی هەستان
مادام تۆ دەژی، دەژی کوردستان

بێهروز کوردەحمەدی
هاوینی ٢٠١٥ی زایینی

 



بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کەسایەتی هونەریی و ئەدەبی مامۆستا بێهرووز کورد ئەحمەدی داوام لە بەڕێزیان کرد تا کورتەیەک لە ژیاننامەی خۆیان بۆمان بنووسن. بەڕێزیشیان دڵمانی نەشکاند و بەم جۆرە سەربردەی ژیانی هونەری خۆیانی بۆ ناس و باس کردین:

خەڵکی شاری سنەی رۆژەڵاتی کوردستانم. هەر لە مناڵییەوە حەزم لە مۆسیقا بە گشتیی و بە تایبەتیی مۆسیقای کوردیی بوو. لە رادیۆی سنەوە گوێم لە گۆرانییەکانی خالقی و ماملێ و حەسەن زیرەک و سەید عەلی اصغری کوردستانی دەگرت. بەرە بەرە سەرنجم چوە سەر دەنگی بە هێزی شێعر خوێندنەوەی شوکوڵڵاخانی بابان و نەرم و نیانیی شەپۆلی دەنگی پەروین خانمی معتمدوزیری کە بەرنامەی ” کاروانی شێعر و مۆسیقا “یان بەوپەڕی جوانییەوە پپێشکەش دەکرد. لەوێ ڕا لە گەڵ شێعری نالی و مەولەوی تاوەگۆزی و مصباح دیوانی ادب و وەفایی و گۆران ئاشنا بووم و تۆزە تۆزە هەست و هەناوی شێعری گۆران لە خۆی بێخود کردم و هێندەم شێعرەکانی خوێندەوە و لە بەرم کردن و لە سەر کاغەزم نووسین، کە چاوم کردەوە دیتم جارێ فێری کوردیی نووسین و خوێندنەوە بووم، پاشانیش شتێک لە دەروونمدا دروست بوە کە بە چاوێکی تر و بە دڵێکی تر شێعر دەبینم و هەست پێدەکەم.
دەستم پێکرد و شێعرم دەنووسین و بە دڵم نەدەبوون و فڕێم دەدان. دەمنووسینەوە و سەد جارم دەگؤڕین و ئاخرەکەی سەگ بە حەسارم دەکردن. ئەوەندە لە سەری چووم کە بینیم نا، خەریکە شتێک دروست دەبێ. شتێک لە چەشنی شێعر کە شعووری خەست تر و هەناوی بە هەست تر دەکردم. شان بە شانی مۆسیقا و زمان و شێعری کوردیی، دڵ و دەروونم بە مۆسیقا و شێعری فارسییش گەش وە. جا چونکە خوێندنیشم بە زمانی فارسیی بوە و بە ناشوکری دەڵێم هەرگیز بواری وا نەڕەخساوە کە ئێمە بە زمانی دایکییمان بخوێنین، دیارە کە لە زمانی فارسیی دا زۆر سەرکەوتوو بووم و نووسینەکانم هەر لە سەرەتاییەوە شقڵێکی رەوان و شێوەیەکی جوانیان بە خۆیانەو دەگرت. هەر بۆیەش یەکەم ئەزموونەکانی شێعرنووسینم بە فارسیی دەست پێکردوە.
من لە تەمەنی ڕەنگە ۱٦ و ۱۷دا بە شێلگیریی و بە وتەی گۆران، بە بێ حەرفی مەکتەبێک و بە بێ پەلگرتنی ئوستادێک، دەستم بە فێربوونی زمانی کوردیی کرد و تاقە مامۆستام، کە گەورەترین و هەتاهەتایی ترین مامۆستاشمە، ” فرمێسک و هونەر ” و ” بەهەشت و یادگاری ” گۆرانی گەورە بوو کە دەستی هەستی گرتم و بەرەو ڕەزەباخەکانی ئەفسانەیی شێعری بردم و شەرابی خەست و سەرخۆشکەری ئەدەبی کوردیی لە هەناو کردم.
ساڵی ۱۹۸۳، جارێکیان کە خۆم لە مەجلیسی چەند شاعێری بە ناوبانگی باشووردا دیتەوە، لە چاپخانەکەی رەوانشاد مامۆستا کاکەی فەللاح، کە بۆ خۆی ناوی نابوو قەلەندەرخانەی فەللاح، دانیشتبووین. مامۆستا چونکە چیرۆکی منی دەزانی کە چۆن فێری زمان و شێعری کوردیی بووم، ئەو ڕۆژە ئەژی گۆرانی کوڕی مامۆستا گۆرانیشی بانگ کردبوو. لە کاتی ناساندنی مندا رووی لە ئەژی کرد و وتی کاکە بەهرۆز قوتابیی باوکت بوە. کاک ئەژیش هەڵیدا گوتی ئەم کاکە بەهرۆزە بەم گەنجیە ناگرێ قوتابیی باوکم بووبێ، چونکە باوکی من ۲۱ساڵە کۆچی کردوە. دیارە چیرۆکی فێربوونی خۆم بۆ باس کردن کە زۆریان بەلاوە سەیر بوو، فرەش پەسنی منیان دایەوە بە تایبەتیی کە چەندین شێعری گۆرانم بۆ خوێندنەوە، ساڵەح دیلان گوتی بە خوا ئەم لاوە گەنجە ڕۆحی بە بەر شێعرەکانا کرد!
لە دەریای ئەدەبی کوردیی و فارسیی دا مەلەم زۆر کردوە؛ شان بە شانی ماسیەکانی هەڵگری مانا و هەناوی ئەوین و جوانیی، شەپۆلانم بڕیوە و پەری یە ڕەنگینەکانی ناخی خۆشەویستیی خاک و زێدم لەو دەریایەدا ناز داوە. یەکێک لە ئەزموونەکانی گەورەی ژیانم بەختی بە دەگمەن و بە نرخی ئەو کاتە بوو کە لە سەرەتای شۆڕشی کوردستاندا بە درێژایی سێ مانگ هاو مەنزڵ و هاوڕێ و قوتابیی هێمی گەورەی موکریان بووم. دەرسی ژیان و هونەری زمان و هەست و هەناوی شێعرانی لێ فێر بووم. دەرفەتێک کە هەر چرکەیەکی بۆ من نرخی زێڕ و هەر ڕۆژێکی هەتاوێکی ژیندەر و هەر شەوێکی مانگێکی بە تریفە بوو کە ژیانی ئەدەبیی منی دەوڵەمەندتر کرد.
لە یادمە ساڵی ۱۹۸٠ پێش شەڕی سێ مانگەی داسەپاوی کۆماری ئیسلامیی بە سەر کوردستاندا، لە کۆڕێکی شێعر لە مەهاباد کە چەندین مامۆستای پایەبەرز و لە سەرووی هەموانەوە هێمنی تێدا بەشدار بوون، من پارچە پەخشانێکم لە سەر شێعر و مانای شێعر نووسیبوو کە پێشکەشم کرد. بە شاهیدیی ئەو بەشدارانە کە لەوێ بوون و دڵنیام زۆریشیان ماون، هێمن بە چەپڵەلێدانەوە هەستا و گوتی بە خوڵای لە هەموو کوردستانی ئەو دیودا یەکێک پەیدا نابێ ئاوا بتوانێ بنووسێ…. دیارە من پێم وانەبوە و ئێستاش پێم وا نییە، تەنیا بیر و بۆچوونی هێمنم نووسی.
من هەژاری موکریانی بە کاروانسالار و ئەستێرەی هەرە بەرزی ئاسمانی زمانی کوردیی دەزانم. من لە هەژار فێری حەماسە لە شێعر و نووسیندا بووم. مەم و زینە موکریانیەکەی خستوومیە سەرچۆپیی و خەیامە کوردییەکەی دەروازەکانی ئەو پەڕی نادیارانی بۆ کردوومەتەوە. من پێم وایە کە شێعر و مۆسیقا وەکوو گیان و ژیانن، بە بێ یەک نابن و قەت لە یەک نابن. با کافریش بم، لە مۆسیقای کوردییدا خالقی و ماملێ دوو ئەستێرەی بێ وێنە و دوو دەنگی ئەفسانەیین کە هەتا هەتایە دەمێننەوە.
ئێساش بە درێژایی ئەم ساڵانە کە لە هەندەران لە سوێد دەژیم نەک هەر دەستم هەڵنەگرتوە بەڵکوو شان بە شانی زمانی سوێدیی کە لە رادەیەکی زۆر باشدا فێری بووم، بە کوردیی و بە فارسییم نووسیوە و شێعرم پێ وتوون. چەند ساڵێکیشە دارەدارەیەک لە شێعری سوێدییدا دەکەم و دەنووسم. لە سایەی سەری پێشکەوتنی تێکنۆلۆژییەوە ئێستا ناو بە ناو شێعر بە سێ زمان لە سەر نێت بڵاو دەکەمەوە. هەمیشە هەوڵم داوە بە زمانێکی سادە بەڵام بە ناوەرۆک شێعر بنووسم. هەرگیز زەختم لە خۆم نەکردوە کە شێعر بهۆنمەوە. هەرچی بوە بۆ خۆیان لە دەرگایان داوم و نووسیومن. لە نووسینی کورتە شێعری کوتو پڕ و فی البداهەدا دەستێکی باشم هەیە و تا ئێستا تێیدا دانەماوم و دەستەوەستان نەبووم.
شێعر بە لای منەوە مانای ژیان و فرمێسکی ڕەوان و هاندەری گیانە. شێعرم بۆ ئەوین و بۆ نیشتمان و بۆ ئینسان و بۆ ئازادیی و بۆ خەباتی رزگاریخوازیی نووسیوە و دەنووسم. منداڵەکانم بە شێعر دەلاوێنمەوە و مناڵانی هەموو جیهان بە شایانی هەموو شێعری جیهان دەزانم. کە ئەسپی شێعر لە سەر زینی ڕازاوەی خۆیم دادەنێ، ئیتر هەموو دەشتی مرۆڤایەتیی بە گشت رەنگ و تیرە و نەژادەکانییەوە بە چاوێک چاو لێدەکەم و جیاوازییان تێدا نابینم. بەگژ سیستێمی سیاسییاندا دەچمەوە بەڵام ڕق و قین لە نەتەوەی دیکە داناگرم چونکە لێم روونە ئەوانیش وەک نەتەوەی من گیرۆدەی دەسەڵاتی زۆردار بەڵام دواکەوتووی خۆیانن.
من بۆ مانا و وەسفی شێعر تەنیا یەک وشەم هەیە…. شێعر شێعرە…!
” شێعرBEHROOZ KORD AHMADI 3
شێعر وەکوو کانی یەکە
لە سەحرای مردووی وشکارۆ
وەک تیشکێکە لە خاپوورسانئ بێ ئاسۆ
وەک هومێدە
کاتێ ژیان دووە لە هۆ…
شێعر دەردی لە دایکبوونە
لە هەڵدانی هەڵس و کەوتی ئێش و ژانا
گووری پزی هات و بوونە
لە سەفەری پڕمەترسیی
بوون و مانا…
شێعر بادەی هەرە خەستی
مەستییەکی نەبڕاوەیە
سروەی سەرکۆی کوێستانانی
هەر چی کانیی سەرچاوەیە…
شێعر مەرجی خۆڕاگریی مرۆڤێکە
بۆ ئازادیی گیانفیدایە
شۆڵەی گەرمی خۆشەویستیی
دڵدارێکە هەموو بوون و نەبوونێکی
لە دەست دایە…..

ئاڵبۆمی ڕێژنە
دوایین بەرهەمی محەممەد ماملێ

بۆ کڕینی ئۆرجیناڵی ئاڵبۆمی "ڕێژنە"، دەتوانن پێوەندی بەم ئیمایلەوە بکەن:
info@mamle.net

لالە بە دەستان
هاشم نانەوازادە

بۆ خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە دەتوانن کرتە لەسەر وێنەکە بکەن.

گۆرانییەکانی ماملێ

Here is the Music Player. You need to installl flash player to show this cool thing!