هونەرمەند جەعفەر ماملێ و گەورەی بنەماڵەی ماملێ کۆچی دوایی کرد
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕایدەگەیێنین کە ئەمڕۆ دووشەممۆ ڕێکەوتی ١٧/٠٢/ ٢٠٢٠ هونەرمەند جەعفەری ماملێ کوڕی هونەرمەند سەعیدی ماملێ و برای هونەرمەند محەممەد ماملێ هەروەها گەورەی بنەماڵەی ماملێ لە تەمەنی ٧٩ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد. سەرەخۆشی لە کۆمەڵگای هونەری و گشت کوردستانیانی بەڕێز دەکەین.بڕیار وایە تەرمی پیرۆزی مامە جەعفەر، بەیانی ڕێکەوتی ٢٩/ڕێبەندانی ١٣٩٨ واتە ١٨/٠٢/٢٠٢٠ لە گۆڕستانی “بوداق سوڵتان” کاتژمێر ١٤:٣٠ بە خاکی پیرۆزی نیشتمان بسپێردرێت.
هەروەها بۆنەی سەرەخۆشی بەڕێزیان ڕۆژەکانی چوارشەممۆ و پێنجشەممۆ، ٣٠ ڕێبەندان و هەوەڵی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٨ لە کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ١٢:٠٠ بەیانی و ١٥:٠٠ تا ١٧:٠٠ دوانێوەڕۆ لە مزگەوتی سوور (جامع) بەڕێوە دەچێت. پێویستە بگوترێ کە سەرەخۆشی یایەکانیش (ژنان) لە هەمان مزگەوت بەڕێوە دەچێت.
پێشەکی پێڵاوتان لەسەر چاومانە.
ژیاننامەی جەعفەری ماملێ فیلمەکانی جەعفەری ماملێ وێنەکانی جەعفەری ماملێ
گۆرانی بە دەنگی هونەرمەندی کۆچکردوو حەسەنی ماملێیە.
محەممەد و جەعفەر ماملێ
تەرمی هونەرمەندی ناوداری کورد، جەعفەر ماملێ تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
ئەمڕۆ سێشەممۆ کاتژمێر ١٤:٣٠ ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ هەتاوی، ١٨/٠٢/ ٢٠٢٠ تەرمی هونەرمەندی کورد، جەعفەر ماملێ لەناو ئاپۆڕای هۆگرانی ئەمەکدار و ئەوینداردا تەسلیم بە خاکی پیرۆزی نیشتمان کرا. هەروەها بۆنەی سەرەخۆشی بەڕێزیان ڕۆژەکانی چوارشەممۆ و پێنجشەممۆ، ٣٠ ڕێبەندان و هەوەڵی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٨ لە کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ١٢:٠٠ بەیانی و ١٥:٠٠ تا ١٧:٠٠ دوانێوەڕۆ لە مزگەوتی سوور (جامع) بەڕێوە دەچێت. پێویستە بگوترێ کە سەرەخۆشی یایەکانیش (ژنان) لە هەمان مزگەوت بەڕێوە دەچێت.
بینەری بەشێک لە مەراسیمی بەخاکئەسپاردنی نەمر جەعفەری ماملێ بن.
بۆ کۆچی دوایی هونەرمەند جەعفەری ماملێ - سمکۆ گەردی
سیمای کوردانەت و
دەنگی گەرمت
لە مەجلیسی
هونەر دوورە
بێ شک
دەتویست
لە گەڵ
کاروانەکەی
ماملێ
رێ بکەوی
تا
لە تەکیەی
شەمزیناندا
بۆ تاوێ
وچانێ بەیو
دواتر
دوایین نیگای
چاوت
بە چوارچرا دا
بگێڕی و
بە هەموو
موکریان بڵێی
هەر چەند
ئێستا
جەستەم دوورە
بەڵام ئەشقم
لە گۆڕیشدا
بۆ مهاباد
بۆ کوردستان
وەکوو قازی
بێ سنوورە
چەند دێڕێکی تێکۆشەر کاک "مەلا ڕەسوڵ پێشنەماز" بۆ کۆچی دوایی کاک "جەعفەر ماملێ".
خەبەرێکی ناخۆش و ھەژێنەر
شەوی٣شەم ٢٠٢٠/٢/١٨ دوو حەسەن و ڕەسوڵێک کە لە منداڵیەوە ھۆگری یەک بووین و بنەماڵەکانیشمان ئەوەندە لێک نزیکوو خزمایەتیمان ئەوەندە پێچاوو پێچە تەنانەت زۆر لە منداڵەکانیشمان سەری لێدەرناکەن و نازانن خزمایەتی ئێمە چۆنە.
لە شاری ستۆکۆڵم لە ماڵی حەسەنی ڕستگاری براو ئامۆزام لێک کۆ ببوینەوە، بۆ ڕوون بونەوەی دۆستان و ئازیزانیش کاحەسەنەکان پێکەوە خاڵۆزاو پورزان، بەڵام کاک سەید حەسەن دەبێتە ئامۆززای ھەردوکمان یانی دایکی رەحمەتی سەید حەسەن دەبێتە ئامۆزای منو کاک حەسەنی ڕستگار.
ئێمە لەگەرمەی یاداوەری و قسەو باسی خۆمان دابوین لەپڕ ھەواڵی فەوتی کاک جەعفەری ماملێ بڵاوبۆوە کە ھەرسێکمانی تاساندو داماین. دیارە ئەو بنەماڵە ھونەرمەندوو دەنگ خۆشە جگە لە ھونەرەکەیان لەڕادەبەدەر قەدرو قیمەتی بنەمالەو گەورەو چکۆڵەیی یەکتریان لەکۆنەوە ڕاگرتوە.
ھەتا مام سەعیدی بابیان حزوری بو ھیچ کام لە کورەکانی وەک ھونەرمەندخۆیان نیشان نەداوە، بەدوای ئەودا و لەکاتی منداڵی مندا کاک حوسێن کە دەبێتە برا گەورەیان و باوکی کاک عەزیز کە بە خانە ناسراوە ناوی دەرکرد، بەدوای ئەویشدا نۆرە گەیشتە کاک محەمەدو لەوڕا دەنگی بنەماڵەی ماملئ سنورەکانی تێپەڕاندوو لە ھەمو کوردوستان و ئێران و زۆر وڵاتانی تر دەنگی دایەوە. بەدوای نەمانی کاک محەمەددا سەرە گەیشتە کاکە جەعفەرو ئەویش ھەتا لەتوانایدا ھەبو بەشی خۆیی خستە سەر خەرمانی لەمێژینەی ھونەری بنەماڵەکەیان و ناوو ناوبانگی بڵاوو بۆوە.
من و کاک جەعفەر و کاک موتەلیب بە حیسابی عومرەکەمان زۆر لێک نزیک بوین کاتی کۆڵان گەڕی و گۆرانی کوتن کە ئەوکات لە شارە کەم وێنەکەماندا زۆر باو بوو، دڵداری و خۆشەویستیش ھەر ئەو دەوران خۆش بوو زۆرمان بەیەکەوە گۆرانی گوتوەو جاری واھەبوە کە عالەمێکیشمان جارز کردوە. کاک جەعفەر تا بڵێیی ئینسانێکی مەندوو ئاراموو لەسەر دڵان بوو. بەڕاستی ڕێزوو ئەدەب ھەر لەخۆیی و بنەماڵەکەیان دەوەشایەوە. بە لەدەستدانی کاکە جەعفەر کەماییەک لە ھونەری شارەکەمان و بنەماڵەی ماملێ دا بەدی دەکرێ و زۆرم چاوەڕوانی لە گەنجەکانیان ھەیە کە ڕێچکەی ھونەری باب و باپیرانیان کوێر نەکەنەوەو ئەوەندەی دەتوانایاندایە نەھێڵن ئەو دەنگە خۆشەی بنەماڵەکەیان کە ساڵەھای ساڵە دەگوێ و مێشکی بەشی زۆری خەڵکی کوردوستاندا دەزرینگێتەوە لەبەین بچێ. من بەش بەحاڵی خۆم زیاتر لەنیو سەدەی بەدەنگە خۆشو پڕ لەسۆزەکەی ئەو بنەماڵەیەم بردۆتەسەرێ . لەکۆتاییدا لە ناخی دڵەوە ھاودەردی خۆم بە بنەماڵەکەی ڕادەگەینم و داوای سێبوریان بۆ دەکەم بەتایبەت ھاوسەرەکەی و کچ و کورەکانی و داوام ئەوەیە جێگای بەھەشتی بەرین بێ، جگە لەوەش کەمنو کاک جەعفەر ڕەفیق بوین ھاوسەری لەدەست چوشم لەگەڵ حەلیم خانم پێش ئەوەی بۆ یەک ببین لە شێروخورشیدی مەھاباد بەیەکەوە رەفیق و دەستە خوشکی گیانی بەگیانی بوون. ڕوحی شادو یادی بۆ ھەمیشە لەڵماندا دەمێنێتەوە.
مەلاڕەسولی پێش نماز سوئێد ١٩/٢/٢٠٢٠
پرسەی هونەرمەندی نەمر جەعفەری ماملێ لە پاریس
“کۆڕی کوردانی دانیشتووی فەڕانسە”کە کۆمەڵەيیەکی سەر بە کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە، لەو ساڵانەی دوایی دا توانیویەتی ببێتە بنکەیەکی مەتمانەپێکراوە بۆ کوردانی ئەو وڵاتە و لە نیزیکەوە هاوکار و یارمەتیدەریان بووە و هەوڵی داوە تا کوردەکانی ئەو وڵاتە لە سێبەری خۆی دا کۆبکاتەوە و بە پێکهێنانی چالاکی فەرهەنگی و بۆنە نەتەوایەتییەکان، ڕەسەنایەتی میللی خۆیان بپارێزن. ئەو کۆمەڵەیە لە پەیجی فەرمی خۆیان لە کاناڵی تێلێگرام بڵاویان کردۆتەوە کە بەتەمان لە ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ٢٣ی فێورییە کۆڕی پرسە و یادکرنەوەی هونەرمەندی ناوداری کورد کاک جەعفەری ماملێ بگێڕن.
لە ئاگادارییەکەیان دا ئاوا هاتووە:
بە داخی گران، ھونەرمەندی ناوداری کورد، کاک جەعفەری ماملێ، لە شەوی ١٧ی فێوریە لە شاری مەھاباد لەگەڵ بنەماڵە و گەل و کۆمەڵگا و ھونەر، ماڵاوایی کرد.
بەو بۆنەوە کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەرانسە، کۆریادێک بۆ ئەو ھونەرمەندە بەڕێزە پێک دێنێ و بەو شێوەیە لە کەسایەتی ھونەری کاک جەعفەری ماملێ، یاد دەکەین و رێزی بۆ دادەنێین. پێی خۆشحاڵ دەبین کە خوشک و برایانی دانیشتووی فەرانسە لەو کۆڕەدا لەگەڵمان بن.
بە سپاسەوە
کۆڕی کوردانی دانیشتووی فەڕانسە – پاریسکات: یەکشەممۆ ٢٣ ی فێوریە
کاتژمێری ١٥.٣٠ ھەتا ١٨
شوێن:
75, Boulevard Vincent Auriol
75013 Paris
Métro : Chevaleret
لە لایان بنەماڵەی ماملێ و مەڵبەندی هونەریی ماملێوە پێشەکی سپاسیان دکەین و هیوادارین هەر بمێنن بۆ خزمەتی کورد و کوردستان.
بۆ کۆچی ناوادەی نەمر کاک جەعفەر ماملێ - خاقان قادری
نیشتمانی ئاواز و گۆرانی! - سەعد قازی
نیشتمانی ئاواز و گۆرانی!
سەعد قازی
نیشتمانی گەلان تەنیا خاک و جوگرافیای ئەوان نییە. چیرۆک، شێعر، گۆرانی و مووسیقا و باقی ژانرە هونەرییەکانیتر نیشتمانی دووهەمی گەلانن. ئەگەر ستەمی ڕۆژگار جوگرافیای ئاسۆییمانی تەنگ کردبێتەوە، ئەوە شێعر و مووسیقا پانتاییەکی بێ سنووریان بە سەرزەمینمان بەخشیوە. ئاخر، ئەوە هەر چیرۆکنووس نییە کە لە چیرۆکەکانیدا دەژی، ئەوە هەر شاعیر نییە کە لە شیعرەکانیدا دەژی و ئەوە هەر خانەدانی ماملێ نین کە لە ئاواز و گۆرانی و قەتارەکانیاندا هەتا هەتایی بوون، بەڵکوو، سەرزەمینی هونەر نیشتمانی ئێوەومانانیشە. بۆ نموونە، ئێستا ئەوە منم، کە لە “بەهەوران زستانە” و “ڕاوچیان” ی ماملێدا، حەشر و ئامانمە! ئێستا ئەوە ئێمەین و سەمای دەروێشانەی نێو دەنگی زەنگوڵەیی موکوریانی ئەم خانەدانە. ئێستا ئەوە مێژوومانە و رەوڕەوەی دەنگی بێ کۆتایی قەتارەی ئەوان. ئێستا ئەوە ئێمەین و تەخت و بەختی هەتاهەتایی نێو دیوەخانی هونەری ڕەسەنمان، کە دەنگی زەنگولەیی ئەم خانەدانەی تێدا دەزرینگێتەوە. ئێستا ئەوە ئێمەین و نیشتمانی هەراوی ئاواز و گۆرانی.
سەعد قازی
پەیامی پرسەی مامۆستایان و قوتابییانی بەشی موزیکی زانکۆی هەولێر.
مامۆستایان و قوتابییانی “بەشی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کۆلێجی هونەریی زانکۆی هەولێر” لە پەیامێکی ویدیۆییدا هاوسۆزی و هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچیدوایی هونەرمەندی خۆیان نەمر “جەعفەر ماملێ” پەیامێکیان ئاڕاستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی ئەو کۆچکردوویە کرد. لە پەیامەکە دا هاتووە:
ئێمە مامۆستایان و قوتابییانی “بەشی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کۆلێجی هونەریی زانکۆی هەولێر” پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو هونەرمەند “جەعفەری ماملێ” دەکەین کە ئەو بنەماڵەیە چەندین ساڵە خزمەتێکی بواری هونەری و موسیقا و گۆرانییان کردووە بەتایبەتی هونەرمەندی کۆچکردوو چەندین بەرهەمی ناوازی جێ هێشتووە بۆ خەزێنەی مێلۆدی کوردی بە هیوای ئەوەین دوا کۆستی ئەو بنەماڵەیە هونەرمەندە بێت.
مەڵبەنی هونەریی ماملێش لەلایان گشت بنەماڵەی ماملێوە پێشوەخت سپاسی مامۆستایان و قوتابییانی ئەو کۆلێجە دەکات و سەرکەوتن و تەمەندرێژییان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
پەیامی پرسەی وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوان
وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامئ هاودەردی و ماتەمینی خۆیان ئاڕاستەی خانەوادەی ماملێ کرد. لە پەیامەکە دا هاتووە:
خانهوادهی هونهرمهندی بەڕێز جهعفهری ماملێ
بهدڵگرانییهکی زۆرهوه ههواڵی کۆچی دوایی هونهرمهند (جهعفهر ماملێ)، برای هونهرمهندی بەناوبانگ (محهمهد ماملێ) مان پێگهیشت.
خانهوادهی ماملێ خزمهتێکی بهرچاوی هونهری گۆرانی و میوزیکی رهسهنی کوردییان کردووە.
بەم بۆنە خەمناکەوە، بەناوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسە و ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و خۆمان بە هاوخەمی بنەماڵە بەڕێزەکەتان و تەواوی خزم و دۆستان و هونەرمەندانی کوردستان دەزانین.
گیانی ئارام.وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
2020/2/20
بارەگای بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ماملێ کرد.
بارەگای بارزانی کە وەک ناوەندی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بارزانی دەناسرێت پەیامی سەرەخۆشی خۆی بەبۆنەی کۆچی دوایی نەمر جەعفەر ماملێ لە ماڵباتی ماملێ کرد. لە پەیامەکەدا ئاوا هاتووە:
بارهگای بارزانی سهرهخۆشی له خانهوادهی ماملێ دهکات
بهناوی خودای بهخشنده و میهرهبان
بهڕێزان خانهوادهی هونهرمهند جهعفهر سهعیدی ماملێ
بهدڵگرانیهکی زۆرهوه ههواڵی کۆچی دوایی هونهرمهند(جهعفهر ماملێ) کوڕی هونهرمهند(سهعیدی ماملێ) و برای خوالێخۆشبوو هونهمهند(محهمهد ماملێ)مان پێگهیشت.خانهوادهی ماملێیهکان خزمهتێکی بهرچاوی هونهری کوردی و گۆرانی رهسهنی میللهتهکهمانیان کردوه. بهم بۆنه خهمناکهوه سهرهخۆشی له خانهواده و کهسوکاریان دهکهین و هاوخهمی ئهوان و هونهرمهندانی کوردستانین.
خودای مهزن دڵنهوایی و ئارامی بهههموو لایهک ببهخشێت و خوالێخۆشبێت بهر رهحمهتی خۆی بخات و به بهههشتی شاد بکات.
انا للە و انا الیە راجعون
بارهگای بارزانی
18ـی 2ـی 2020
قەت ئاوا نابن - هەڵۆی شەهید جەعفەر
قەت ئاوا نابن
ئەوانەی دڵبەری گەلێکن و
هەردەم دڵئاوان
تاقیامەت
قاپی حەوشەی ماملێ دێڵنەوە
بە
واڵایی….
ڕەشەبای مهابادێ
پێکەوەی دا
یان نەدا
هەر زیندوون و
لەبەر دڵانن
ئەوان
سایەو سوکنایی ڕۆحی
کەنەفتی
گەلێکن لەهەرکوێ
وەجاغیان نیشتبێت
هەرفێنکایی دڵانن
هەروان
لەبەر چاوان
تاکوردان هەبن
ئەوان
هەرئاوا نەمرن
ئاواو،،، ئاوااا
دڵئاوان ، ئاوا نابن!!..😭
( هەڵۆجەعفەر)
پرسەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان - لقی هەولێر بۆ نەمر جەعفەر ماملێ
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان- لقی هەولێر بۆ پرسەی هونەرمەندی نەمر جەعفەری ماملێ دانیشتن.
هەولێر – عوسمان ڕانیەیی
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢٣ لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لەباڵەخانەی کۆشکی ھونەر لەھەولێر، رێورەسمێکی ماتەمگێڕی سازکرد بەبۆنەی کۆچی دوایی ھونەرمەند «جەعفەری ماملێ» لە مەراسیمەکەدا راوێژکاری سەرۆکی ھەرێم بۆکاروباری رۆشنبیری و پارێزگاری ھەولێر و بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و ژمارەیەک پارلمانتێر و چەندین کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەناویان کاک علی قازی و کەسایەتیانی ھونەری و مامۆستایانی زانکۆ و ھونەرمەندان و چین و توێژەجیاوازەکان و ھەوادارانی ھونەری ماملێ حزوریان ھەبوو کەلەنزیکەوە پرسە و خەمباری خۆیان بۆ کۆچی دوایی مامۆستا جعفری ماملێ راگەیاند.شیاوی باسە کۆڕەکە ماوەی ٣کاژێر بەردەوام بوو کەتیایدا کەناڵەکانی راگەیاندن روماڵێکی فراوانی مەراسیمەکەیانکرد.
پێویستە بگوترێ کە کاک خوسرەو ماملێ کوڕی هونەرمەند محەممەد ماملێ و کاک سامان نەوزاد ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ بوون کە لە پرسەکەدا وێڕای کارگێڕانی پرسەکە سپاس و بەخێرهێنانی خەڵکەکەیان دەکرد.
پەیامی سەرەخۆشی "کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە" بەبۆنەی کۆچیدوایی نەمر جەعفەر ماملێ.
كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەوە لە پەیامیکدا خەم و پەژارەی خۆیان لە کۆجیدوایی هونەرمەندی کورد نەمر جەعفەری ماملێ ئاراستەی خانەوادەی ماملێ کرد. ناوئاخنی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بۆ: كاك خانە ی ئازیز و هەموو ئەندامانی بەرێزی بنەماڵەی ماملێ
سڵاوێكی گەرم،
بە داخێكی گرانەوە هەواڵی كۆچی دوایی كاك جەعفەر مامڵێ مان بیست، بەم بۆنەوە لە قولایی دڵەوە هاودەردی خۆمان لە گەڵ هەموو ئیوەی ئازیز دەردەبرین و شەریكی خەمتانین.
كاك جەعفەر چ وەكوو هونەرمەندێك و چ وەكوو ئینسانێكی زەحمەتكێش و دلسۆز، خۆشەویستی خەلكی شار و ناوچەی مەهاباد و كەسایەتێكی ناسراو و خۆش نێوی هەموو كوردستان بوو. ئەو ئازیزە ژیانێكی سەربەرزانەی بردە سەر و ناو و ناوبانگێكی جێگای شانازی لە خۆی بە جێ هێشت. هیوادارین خەمی ئاخرتان بێت و ئیوە تەندروست و تەمەن درێژ بن.
لە لایەن: كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەوە
برایم عەلیزادە
22/02/2020
خانەوادەی ماملێ سپاس و پێزانینیان ئاڕاستەی گەلی کورد کرد.
پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە کۆچیدوایی هونەرمەندی کورد و گەورەی ماڵباتی ماملێ، (نەمر جەعفەری ماملێ)، وەک نەریت و ئەرکی ئەخلاقی، ئەو ماڵباتە لە ڕاگەیەندراوێکدا سپاسی گەرمی خۆیان ئاڕاستەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵاگای کوردەواری کرد. لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاوا هاتووە:
هاووڵاتییانی بەقەدر، هاونیشتمانانی بەڕێز،
لەلایان گشت بنەماڵەی ماملێوە پڕبەدڵ سپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی گشت لایەن و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری دەکەین کە لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەی وڵات، کە لە هاوخەمی کۆچی هەتایی گەورەی خانەوادەمان و هونەرمەندە ڕۆحسوکەکەی خۆتان، (جەعفەر ماملێ)، ئەوپەڕی گەورەییتان نواند و بە شێوەی جۆراوجۆر هاوسۆزی خۆتان دەربڕی. شەپۆلی ڕاگەیاندنی هەستی هونەردۆستانە و نیشتمانپەروەرانەتان ئەوەندە گەرم و دڵسۆزانە بوو کە باری قورسی ئەو خەمەی لەسەر سووک کردین و ئاوپڕژێنی دڵی بەسۆمان بوو.
ڕەنگە لە توانامان دا نەبێت کە یەک بە یەک وەڵامدەرەوەی وشە جوانەکانی هەستی پاکی کوردانەتان بین بەڵام، ئەوەندەمان لەدەست دێت تا دەستمان بۆ ئێوە بە سینگەوە بنێین و کڕنۆش بەرینە گەورەیی و ئاستی بەرزیی نرخ و ئەمەکداریتان.بەقەد دونیایەک سپاس و بە ئەندازەی دەریایەک پێزانین پێشکەشی ئێوە خەڵکی بەئەمەگی کوردستان دەکەین. هیوادراین تەمەنی ئێوەی بەڕێز درێژ بێت و هەمووکات شادی و خۆشی میوانی ماڵتان بێت.
بە سپاسەوە
ماڵباتی ماملێ
سپاس کە هاوخەممان بوون.
بژین بۆ کوردستان
پرسەی نەمر جەعفەر ماملێ لە پاریس بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ٢٣ی فێوریەی ٢٠٢٠ بە بەشداری کوردانی فەرانسە، کۆڕیادێک لەلایان (کۆری کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە) بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری هونەرمەندی نەمر جەعفەر ماملێ بەڕێوەچوو. لە یادەکەدا زۆربەی ئەندامانی ئەو کۆرە و هەروەها بنەماڵەی ماملێ نیشتەجێ لە پاریس بەشداری مەراسیمەکە بوون و لە کاتژمیر ١٥:٣٠ ڕا دەستیپێکرد و تا کاتژمێر ١٨:٠٠ی خایاند. ناوئاخنی کۆڕەکە بە پێشاندانی فیلمێکی دێکۆمێنتاری و چەند کلیپ و گۆرانی لە کۆچکردوو جەعفەر ماملێ کە لەلایان کۆری کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە ئامادەکرابوو، دەوڵەمەند بوو . شایانی ئاماژە پێکردنەوە کە جگە لە بەشێک کوردانی دانیشتووی فەرانسە، بەشێک لە کوردانی وڵاتانی ئەوڕوپای ناوەندی هەروەها نوێنەرانی حیزب و سازمانە سیاسییەکان زەحمەتیان کێشابوو و لە مەراسیمەکەدا بەشدار بوون و هاوخەمی خۆیان بۆ ئەم کۆستە پێشان دا.
لە وتارێکدا کاک خانەی ماملێ، گەورەی بنەماڵەی ماملێ بەخێرهاتنی میوانانی کرد و پاش کورتە باسێک لەسەر ژیان و خەباتی هونەریی بنەماڵەی ماملێ بە گشتی و مامە جەعفەر بەتایبەتی، تیشکی هاویشتە سەر جێگە و پێگەی کاری فەرهەنگی و هونەری لە کۆمەڵگای ئاسیمیلێرە کراوەی نەتەوەی کورد و کارتێکەری ئەو چەمکانە لەسەر زیندوومانەوەی نەتەوەی کورد لەپاش ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییەی کە دەرحەقی دەکرێ.
دیسانیش بە پێویستی دەزانین لەلایان کاک خانەی ماملێ و گشت بنەماڵەی ماملێ سپاسی تەواوی بەشداربوان بکەین کە لە هەڵگرتنی باری قورسی ئەو کۆستە بەتەنیایان نەهێشتین و بە دلۆڤانییەوە ئامێزی وەفا و ئەمەکیان بۆ کردینەوە. بەتایبەت سپاسی کۆری کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە دەکەین کە ئەم کۆڕەیان بەپێزەیان پێکهێنابوو.
هەر بژین و بێ وەی بن.
ئاگاداری
هاووڵاتیانی بەرێزی دانیشتووی سوێد!
لەگەڵ سڵاو و رێز
کۆچی دوایی هونەرمەندی کورد “جەعفەری ماملێ” بوو بە هۆی دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. جگە لەناوخۆی کوردستان لە چەند وڵاتی ئورووپاییش کۆر و یادکردن هاتە ئاراوە.
بڕیارمان دابوو لە ولاتی سوێد رێورەسمێکی تایبەتی دابمەزرێنین و پێشوازی لە ئێوە ئازیزان و خۆشەویستان بکەین بەڵام، بەداخەوە کۆسپی بەردەم گەرانەوەی کچەکانی هونەرمەندی زیندوویادمان ” وەفا و سەفا” لە کوردستان بۆ سوێد، وەزعەکەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ” کورونا ویرووس” روو بە روو کرد، ئەو ڕەوشە کاردانەوەی بووە لەسەر بڕیاری پێشوومان و ناچاری کردووین کە خۆمان لەگەڵ هەوڵەکانی پێویست بۆ بەرگری و رێگری کردن لە تووشبوونی ئەو ویرووسە رێک بخەین و ریزی تەواو بگرین بۆ هاوڵاتیان بە شێوەیەک کە پاراستنی گیان و ژیانیان لە پلەی یەکەمی بەرژەوەندییەکانی خۆمان بە حیساب بێنین.
لەو دۆخە تایبەتییەدا ئێمەش هاودەنگ دەبین لەگەڵ پلانەکانی پێویست بۆ تووشنەبوونی هاووڵاتیانی خۆشەویستمان بە هەر چەشنە نەخۆشییەک و پێتان رادەگەیەنین کە لەو هەل و مەرجە نالەبارەدا هیچ بەرنامە و رێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی بەرێوە نابەین. سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست دەکەین و ئاواتە خوازین گیان و ژیانی خۆتان و بنەماڵەی بەرێزتان بە دوور بێ لە نەخۆشی و ناخۆشی و نالەباری و نەهامەت.
لە گەڵ رێز و سپاسی دووبارە
بنەماڵەی ماملێ لە دەرەوەی وڵات
١ی مارسی ٢٠٢٠