وەچەی ئەمڕۆمان، جیهان بە چاوی خۆیان دەبینن و تام لە تایبەتمەندییەکانی دوونیای خۆیان دەکەن بۆیە، حەوڵ دەدەن تا ئاسەوارە کۆنەکانیش وەک دوونیای خۆیان بڕازێننەوە و بە کەرەسەی بەردەستی خۆیان تازە بکەنەوە.
تا دوونیا بەروە پێشیش دەچێ مرۆڤ زیاتر داخ و حەسرەتی هەڵدەکێشی بۆ هۆنەرمەندانی پێشوو کە تەنانەت کەسێکیان هاوکار نەبووە تا دەگەڵیان نەغمە بنوێنێ و دڵ بلاوێنێ.
بە خۆشییەوە ئەو ڕۆژە ڕەشانە کە گەلەکەمان لە فەقیریی فەرهەنگی و نەبوونی هونەرمەندانی لێزانی موزیک دەیاناڵاند، ڕۆیشتوون و وەک مێژوویەکی تاڵ باسیان لێوەدەکرێت. هەنووکە دەبینین کە وەچەی ئەمڕۆمان کەسانی لێزان و لێوشاوەی لێهەڵدەکەوێ و خۆیان لە ئاسەوارە نەتەوەییەکان دەکەن بەخاوەن و کاتیان بۆ تەرخان دەکەن و بە جوانترین شێوە دەیانڕازێننەوە و وەک هەنگاوێکی نەتەوەیی هەوڵ دەدەن مشووری وەچەی ئەمڕۆمان دەگەڵ مێژووی گەلەکەیان لێک گرێبدەن.
هونەرمەندی دەنگخۆش و دەستڕەنگین کاک “موراد کاوە” کوڕی تێکۆشەری دێرینی کورد کاک “سەعید کوێستانی” قۆڵی لەم بەرهەمەی مامۆستا وەفایی هەڵکردووە کە بە دەنگی محەممەد ماملێ گوتراوە و ڕۆحێکی تازەی وەبەر هێناوەتەوە. ئەو بەرهەمە کە پێشتر هونەرمەند “محەممەد ماملێ” بەبێ موزیک تۆماری کردبوو، ئێستا کاک موراد کاری موزیکی بۆ کردووە و بە شێوازێکی ئەمڕۆیی پێشکەشی نەتەوەی خۆی دەکاتەوە.
پڕ بەدڵ دەستخۆشی و ماندوونەبوونی لەو هونەرمەندە دەروەست و ماندوویینەناسە دەکەین و هیوادارین وێنەیان لە گەشەدا بێت.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ
14.07.2019
غەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانم مەکە
عاشقی ڕووتم، عەزیزم، تیرەبارانم مەکە
بەس دڵم بشکێنە بەو ئەبرۆیە بۆ ماچی دەمت
مەمدە بەر تیغ و لەسەر ھیچێ لە گریانم مەکە
چیم لە ئەبرۆ داوە من پابەندی زولفم لێم گەڕێ
کافری عیشقم، بە قیبلەی خۆت موسوڵمانم مەکە
عاشقی خەندێکی تۆم با بەس بە ئاھ و ناڵە بم
بولبولم پەروانە نیم و حەز بە سووتانم مەکە
دڵ بە من ناکا لەبەر ئاوری دەروونم دێتە جۆش
تۆ کە سووتانت نەدیوە مەنعی گریانم مەکە
مەمدە بەر تابووری موژگانت ھەتاکوو غەمزە بێ
ھا بەجارێک بمکوژە، یەخسیری تورکانم مەکە
سەد کەڕەت کوژراوی یار بم لێم مەپرسە ئەی تەبیب
دەردی یارم خۆشترە بێھوودە دەرمانم مەکە
عەرزەچی نی تۆ، بەقوربان، پادشاھی عالەمی
دادی مەزڵوومان بپرسە، حەیفە بێلانم مەکە
پێم بڵێ: یاقووت و ڕێحان خەتتی کامیان خۆشترە؟
وا عەیارە چاوەکانی، لەعلی خەندانم مەکە
حەقیەتی بەو چاوە کاڵانە کە تاڵانم دەکا تیفلی
نادانم لەسەر ماچێک لە گریانم مەکە
پەنجەکەی پاکی لەسەر خوێنی وەفایی بۆتە گوڵ
دەمکوژێ و پێشم دەڵێ: ئالوودەدامانم مەکە
