

دانیشتوانی شاری مەهاباد بە خەڵکێکی چالاک دەناسرێن. چ لە بواری زانستی، ئەدەبی، فەرهەنگی و هونەرییەوە، چ لە بواری وەرزیشییەوە بەردەوام لە چالاکی دان. لەو شارە دا وەرزش و فەرهەنگ وەها ئاوێتەی یەکترن کە زۆرجاران هونەرمەندان و خاوەن پێنووسەکان لە وەرزیش دا ڕۆڵ دەنوێنن و زۆرجارانیش بە پێچەوانەکەی.
مامۆستا عەزیز شاروخ کاتی خۆی یەک لە یاریزانانی وەرزشی تۆپیپێ بوون و ماملێش یەک لە یاریزانانی ئەو وەرزیشە بوو کە بە درێژایی تەمەنیان، خۆشەویستیان بۆ ئەم وەرزیشە لە گەشە دا بووە و بە هەموو توانای خۆی هاندەری وەرزش و وەرزیشوانان بوو. ماملێ بۆ ماوەیەک بوو بە ئەندامی فەخری هەیئەتی فوتباڵی سابڵاخ و لە پێگەی خۆی لە ناو جەماوەری خەڵکەوە کەڵکی وەرگرت بۆ خزمەتی زیاتری ئەم وەرزیشە و وەرزیشوانان لەو شارەدا.
وەک باوە لە مانگی ڕەمەزان دا لیگی تایبەتی بۆ بوار جیاوازەکانی وەرزیش ڕێک دەخرێت و عاشقانی وەرزش لە کێبەرکێکانی وەرزشی دا بەشداری بەرچاو دەکەن.
چەند ساڵە کە لە کێبەرکێکانی واڵیباڵی(بالە) لیگی ڕەمەزانی ئەو شارە دا تیمێک دیارە بەناوی تیمی (یارانی ماملێ). ئەو تیمە کە پێکهاتووە لە چەند لاوێکی وەرزیشوانی بە هەڵوێست کە ئەمەکدارانە وەفای خۆیان بۆ تێکۆشەرانی بواری هونەری میللەتەکەیان دووپات دەکەنەوە و خۆشەویستی خۆیان بۆ ماملێ کوردان بەم شێوەیە پێشان دەدەن.
ئەوە لە کاتێک دایە کە چەند جارێک لەلایان شوورای شاری پێشووی ئەو شارە داوای ئیزن لە کاربەدەستانی ئاسایشی یا جومگەی بڕیاری ئەو شارە کردووە تا ئیزنیان بدەن مۆنۆمێنت یا پەیکەرێک بۆ محەممەد ماملێ لە مەهاباد ساز بکەن بەڵام، بە نامەی فەرمی وەڵامی نەرێنییان پێدراوەتەوە.
هەڵوێستی ئەم یاریزانانە ئەو ڕاستییەمان وەبیر دێنێتەوە کە (نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین). گرینگ ئەوەیە لە دڵی میللەت دا پەیکەر بۆ ماملێ ساز بکرێت…
ئێمە وەک مەڵبەندی هونەری ماملێ وێڕای سپاس و ڕێزی بێپایان بۆ ئەندامانی ئەم تیمە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و خۆشەویستییان پێشکەش دەکەین. وێنەیان زۆر بێت بۆ کورد.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ